رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، عێراق بووەتە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی ململانێی وڵاتانی ناوچەکە و بەهۆی گەندەڵییەوە، بەتایبەتی لە کەرتی سەربازیدا، هیچ توانایەکی بەرگری لەخۆی نەماوە؛ گوتیشی، 106 واژۆ بۆ کۆبوونەوەیەکی نائاسایی پەرلەمان کۆکراونەتەوە.
مازن غەریب، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکەشی دەکات، ئاماژەی بەوە کرد کە سەروەریی عێراق بەتەواوی لەدەستچووە و وڵاتەکە لەڕووی سەربازی و تەکنەلۆژیای سەربازییەوە "هیچ شتێکی بەدەستەوە نییە" بۆ پاراستنی ئاسمان و خاکەکەی؛ گوتیشی، "عێراق بووەتە جێگای ململانێ و یەکلاییکردنەوەی کێشەکانی ناوچەکە".
ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوە کرد، حکومەتی عێراق لەبەرامبەر ئەو دەیان مووشەک و درۆنانەی ئاراستەی هەرێمی کوردستان و بنکەکانی حەشدی شەعبی کراون، تەنیا راگەیێندراو دەردەکات و هیچ هەڵوێستێکی کرداریی نییە. مازن غەریب گوتی، "حکومەت ئاگای لەو هەموو مووشەک و درۆنانەیە کە ئاراستەی سلێمانی و هەولێر دەکرێن، بەڵام تەنیا بە راگەیێندراو وەڵام دەداتەوە. تاوەکو کەی عێراق جێگەی ساخکردنەوەی ململانێکان بێت؟"
مازن غەریب گوتی، "یەکێک لەو وەزارەتانەی زۆرترین گەندەڵی تێداکراوە، وەزارەتی بەرگرییە؛" ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ململانێی سیاسییەوە لەنێو وەزارەتەکەدا، هیچ هەنگاوێکی کرداری بۆ بەهێزکردنی سوپا نەنراوە.
ئەو پەرلەمانتارە گوتی، "لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری خەریکی هەموارکردنەوەی پڕۆژەیاسایەکین بۆ تەرخانکردنی بودجە بۆ کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانی، بەڵام گەندەڵی رێگرە."
ئەو پەرلەمانتارە رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 106 واژۆ لە پەرلەمانی عێراق کۆکراونەتەوە بۆ ئەنجامدانی دانیشتنێکی نائاسایی لەبارەی پێشێلکردنی سەروەریی عێراق.

