رووداو دیجیتاڵ
لە نەینەوا 429 مامەڵەی مادەی 140 کێشەیان تێدایە و لیژنەی پەیوەندیداریش داوا لە خاوەن مامەڵەکان دەکات لە هەفتەیەکدا سەردانیان بکەن بە مەبەستی چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان.
بەگوێرەی ئەو لیستەی نووسینگەی نەینەوای لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستووری عێراق بڵاویکردووەتەوە و وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، کێشە و کەموکوڕی لە دۆسیەی 429 کەسدا هەیە و پێویستە خاوەن مامەڵەکان لە یەک هەفتەدا سەردانی نووسینگەی لیژنەکە بکەن بۆ نەهێشتنی کەموکوڕیی مامەڵەکانیان.
زیاتر لە 40 هەزار مامەڵەی قەرەبووی مادەی 140 لە نەینەوا پێشکێش کراون. بەگوێرەى لیژنەی جێبەجێکردنی مادەى 140، هەر خێزانێکی ئاوارە 10 ملیۆن دینار و عەرەبى هاوردە 20 ملیۆن دینار قەرەبوو وەردەگرن.
لیژنەکە دەڵێ، دەبێت ئەو کەسەی سەردانیان دەکات بۆ نەهێشتنی کەموکوڕییەکان، خاوەن مامەڵەکە خۆی یان کەسی نزیکی بێت و کەسانی دیکە بۆ راییکردنی کارەکان نەنێردرێن.
محەممەد جاسم کاکەیی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ئەمڕۆ دووشەممە 19ی تشرینی یەکەمی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو کەسانە کەموکوڕی لە دۆسیەکانیاندا هەیە، بۆیە داوایان لێکراوە بە زووترین کات سەردانی نووسینگەی مادەی 140 لە نەینەوا بکەن. ئەمەش بە مەبەستی ئەوەی کاتێک بودجە تەرخانکرا و پارەی پێویست بەردەست بوو، مامەڵەکانیان بەتەواوی ئامادە بێت و قەرەبووەکەیان بۆ خەرج بکرێت."
رۆژی23ی حوزەیرانی 2024، نووسینگەی جێبەجێکردنی مادەی 140 لە نەینەوا بۆ جارێکی دیکە کرایەوە، دوای ئەوەی ساڵی 2014 رێکخراوی داعش هێرشی کردە سەر پارێزگای نەینەوا و بەو هۆیەوە ئەو دوو نووسینگەیەی مادەی 140 داخران کە تایبەت بوون بە قەرەبووکردنەوەی هاونیشتمانی و هاووڵاتییە کریستیانەکان لە نەینەوا، کە لە سەردەمی دەسەڵاتی پێشووی عێراق راگوێزرابوون.

