رووداو دیجیتاڵ
کەرتی گشتیی عێراق لە ساڵی رابردووەوە زیاتر لە 5 تریلیۆن و 367 ملیار دیناری بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی بیناسازی و ژێرخان خەرج کردووە، کە بەراورد بە ساڵانی پێشتر زیاتر بووە. هاوکات دەیان پڕۆژە لە سەرتاسەری عێراق پەکیاونکەوتووە کە بەشێکیان کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونن و بەشێکیان لە پارێزگای کەرکووکن.
بەپێی راپۆرتێکی دەستەی ئاماری عێراق، لە ساڵی 2025 کۆی گشتیی تێچووی پڕۆژە بیناسازی و ژێرخانییەکان (بەبێ قازانجی بەڵێندەران) گەیشتووەتە 5 تریلیۆن و 367 ملیار و 987 ملیۆن دینار. ئەم بڕە بەراورد بە ساڵی 2023 (کە 2.54 تریلیۆن دینار بوو) زیاتر لە دوو هێندە زیادی کردووە.
دۆخی پڕۆژەکان؛ 1,715 پڕۆژە تەواوکراون و دەیان پڕۆژە راگیراون
کۆی گشتیی ئەو پڕۆژانەی لە ساڵی 2025 کاریان تێدا کراوە 2,201 پڕۆژە بوون:
- پڕۆژەی تەواوکراو:1,715 پڕۆژە بە گوژمەی 3 تریلیۆن و 962 ملیار دینار.
- پڕۆژەی تەواونەکراو و ئەوانەی کاریان تێدا دەکرێ: 486 پڕۆژە بە گوژمەی 1 تریلیۆن و 405 ملیار دینار.
- پڕۆژە پەککەوتووەکان: 70 پڕۆژە بەهۆی کێشەی جۆراوجۆرەوە کارکردن تێیاندا راگیراوە، دەستپێکردنی 10 پڕۆژەی دیکەش دواکەوتووە.
لە رووی جوگرافییەوە، پارێزگای کەرکووک لە پێشەنگی ئەو پارێزگایانەدایە کە زۆرترین پڕۆژەی پەکیانکەوتووە بە بوونی 29 پڕۆژەی راگیراو و 10 پڕۆژەی دەستپێنەکراو، دوای ئەویش موسەننا بە 20 پڕۆژە و زیقار بە 14 پڕۆژەی راگیراو دێن.
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە: نەبوونی نەختینە پڕۆژەکانی دواخستووە
سەبارەت بە هۆکاری دواکەوتن و وەستانی بەشێک لە پڕۆژەکان، نەبیل سەفار، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هۆکاری دواکەوتنی بەشێک لە پڕۆژەکان بۆ قەیرانی دارایی و نەبوونی نەختینەی پێویست دەگەڕێتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو دۆخە هەرێمی و نائارامییانەی ناوچەکە کە راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر عێراق هەبووە".
نەبیل سەفار گوتیشی: "وەزارەت کار لە زیاتر لە 400 پڕۆژەدا دەکات لە کەرتەکانی ئاو، ئاوەڕۆ، رێگەوبان و پردەکان، شارەوانییەکان و نیشتەجێکردن. لەنێو ئەم پڕۆژانەیشدا 23 پڕۆژەیان تایبەتن بە نەهێشتنی قەرەباڵخیی هاتووچۆ لە بەغدا". ئاشکراشی کرد کە تاوەکو ئێستا 113 پڕۆژەیان بە تەواوی ئەنجامدراون و کارکردن لە نزیکەی 287 پڕۆژەی دیکەدا بەردەوامە.
25 کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون پەکیانکەوتووە
لەبارەی ئەو پڕۆژانەی کە بە تەواوی راگیراون، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ئاماژەی بەوە کرد: "لە کەرتی نیشتەجێکردندا، 25 پڕۆژەی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون کە سەر بە وەزارەتن راگیراون، ئەم پڕۆژانە لە ساڵانی پێشوودا دراونەتە بەڵێندەران، بەڵام بەهۆی ئەو هەلومەرجەی بەسەر وڵاتدا هات، پەسەندنەکردنی بودجە و هەروەها نەدانی پڕۆژەکان بە کۆمپانیای تۆکمە و شیاو لە کاتی خۆیدا، تووشی دواکەوتن و وەستان بوون".
بەڵام ئەوەشی گوت: "نزیکەی 36 پڕۆژەمان هەن کە پێش خشتەی دیاریکراو و تەواو کراون، سەرەڕای ئەو ئاستەنگە داراییانەی هەن، ئەمەش بەهۆی ئەوەی دراونەتە کۆمپانیای بەتوانا و خاوەن پێوەری پیشەیی کە گەرەنتیی بەردەوامیی کارەکانیان کردووە بەبێ دواکەوتن".
پشکی پارێزگاکان؛ بەسرە پشکی شێری بردووە
لە رووی دابەشبوونی جوگرافیی پارەدارکردنی پڕۆژەکان لە عێراقدا:
- بەسرە لە پلەی یەکەم دێت بە تێچووی 1 تریلیۆن و 672 ملیار و 533 ملیۆن دینار بۆ 218 پڕۆژە کە 190ـیان تەواوکراون.
- ئەنبار زۆرترین ژمارەی پڕۆژەی تێدا بووە کە 423 پڕۆژە بە بەهای زیاتر لە 778 ملیار دینار و 351 پڕۆژەیان تەواوکراوە.
- بەغدا 232 پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 616 ملیار و 901 ملیۆن دینار.
- کەربەلا 209 پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 500 ملیار و 258 ملیۆن دینار.
- نەینەوا 232 پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 341 ملیار و 492 ملیۆن دینار.
لە بەرامبەردا، پارێزگای زیقار بە 13 پڕۆژە و گوژمەی 12.8 ملیار دینار و سەلاحەدین بە 4 پڕۆژە و گوژمەی 17 ملیار دینار، کەمترین پشکیان لە وەبەرهێنانی کەرتی گشتیدا هەبووە.
دەستی کار: 128 هەزار کرێکار و بەشداریی زۆر کەمی ژنان
بەپێی راپۆرتەکە، لە ساڵی 2025 دا، تێکڕا 128,025 کرێکار و فەرمانبەر لە کەرتی بیناسازیدا کاریان کردووە و کۆی مووچەکانیان گەیشتووەتە زیاتر لە 506 ملیار و 656 ملیۆن دینار، کە 127,864 کرێکاریان پیاو بوون، لە بەرامبەردا تەنیا 161 ژن لە تەواوی پڕۆژە بیناسازییەکانی کەرتی گشتیدا کاریان کردووە.

