رووداو دیجیتاڵ
خەمیس خەنجەر، سیاسەتڤانی سوننەی عێراق و دامەزرێنەری هاوپەیمانیی سەروەری، ئۆباڵی بۆردوومانکردنی عێراق دەخاتە ئەستۆی "ئەو چەکانەی لە دەرەوەی دەوڵەتن" و دەڵێت، "سەرکێشیی سەرکردەی گرووپە چەکدارەکان رابگرن".
ئەو گوتانەی خەمیس خەنجەر لە راگەیێنراوێکدا بوو کە رۆژی پێنجشەممە 30ـی تەممووزی 2026 لەبارەی ئەو هێرشانە بڵاویکردەوە کە رۆژێک پێشتر ئەمریکا و سعودیە کردیانە سەر چەند بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە عێراق.
خەمیس خەنجەر رایگەیاند، پەرۆشی بۆ خوێنی عێراقییەکان بە کۆتاییهێنان بە هۆکارەکانی بەئامانجگرتنی عێراق و بۆردوومانکردنی دەستپێدەکات، لە سەروو هەمووشیانەوە کۆنترۆڵکردنی ئەو چەکەی بەگوتەی ئەو "لە دەرەوەی سنووری دەوڵەت فەرمان وەردەگرن".
لەو هێرشانەی کە حەوت پارێزگای عێراقی گرتنەوە، 20 چەکداری حەشدی شەعبی کوژران و 32ـی دیکەشیان برینداربوون.
خەمیس خەنجەر داوا دەکات کە سەرکێشیی سەرکردەی گرووپە چەکدارەکان و نووسینگە ئابوورییەکان رابگیرێت و دەڵێت، "پێویستە رێگەیان پێنەدرێت جەنگی دەرەکی و قەیرانەکان هاوردەی نێوخۆی عێراق بکەن".
ئەو سیاسەتڤانە سوننەیە رایگەیاند، پاراستنی عێراق لە باڵادەستیی دەوڵەت و سەروەریی یاسا و بەهێزکردنی سوپا وەک هێزێکی رەوا و دەستووری دەستپێدەکات بۆ پاراستنی وڵات، سنوورەکان و ئاسایشی گەلەکەی.
خەمیس خەنجەر دەڵێت، "سەروەری بە فرەچەکی بەدی نایەت، ئاسایش لەژێر سایەی بڕیاری سەربازیی وابەستەی دەرەوە نابێت کە هۆکاری راستەوخۆی رشتنی خوێنی عێراقییەکانە".



