رووداو دیجیتاڵ
واژۆ لە پەرلەمانی عێراق کۆدەکرێتەوە بۆ دانیشتنێکی نائاسایی لەبارەی هێرشەکانی ئەمریکا و سعودیە، داوا دەکرێ عەلی فالح زەیدی وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان؛ فوئاد حوسێن، وەزیرى دەرەوە و عەبدولئەمیر یارەڵڵا، سوپاسالار ئامادە بن.
پێنجشەممە 30ی تەممووزی 2026، سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ژمارەی واژۆی پەرلەمانتاران لەسەر ئەو داوایە گەییشتووەتە 117 پەرلەمانتار".
داوای ئەو دانیشتنە نائاساییە بۆ تاوتوێکردنی ئەو هێرشانەیە کە بەرەبەیانی 29ى تەممووز ئەمریکا و سعودیە کردەیانە سەر بارەگای گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حەشدی شەعبی لە 6 پارێزگای عێراق و کەرکووک.
سروە محەممەد رایگەیاند: "لەو نووسراوەدا داوا کراوە عەلی فالح زەیدی وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان؛ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و عەبدولئەمیر یارەڵڵا، سوپاسالار ئامادەی دانیشتنەکە بن".
لەو هێرشانەی ئەمریکا و سعودیەدا 20 چەکداری حەشدی شەعبی کوژران و 32ی دیکەیان بریندار بوون.
بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق، ئەنجامدانی کۆبوونەوەی نائاسایی پێویستی بە واژۆی 50 پەرلەمانتارە.

