هەستیار قادر
رووداو – هەولێر
وەزیرێکی حکومەتی عێراق دەڵێ، داهاتی هەناردەی نەوت مانگانە 2 بۆ 2.5 تریلیۆن دینارە، لەکاتێکدا خەرجیی مانگانە 10.8 تریلیۆن دینارە و هەربۆیە "پارە نییە".
ئەو گوتانەی عەبدولحوسێن موسەوی، وەزیری تەندروستیی عێراق، لە کۆبوونەوەیەکیدا بوو لە وەزارەتەکەی.
عەبدولحوسێن موسەوی رایگەیاند: "پارە نییە" و ئاماژەی بەوەشکرد، کاتێک دەچێتە لای سەرۆکوەزیران، خەمیان ئەوەیە چۆن مووچە دابین بکەن.
ئەو وەزیرە دەڵێ: "مانگانە 10 تریلیۆن و 800 ملیار دینار پێویستە، لەکاتێکدا چوار بۆ پێنج مانگ دەبێت هەناردەی نەوت لە ملیارێک بۆ ملیار و نیوێک دۆلار تێپەڕ ناکات، واتە بە نزیکەی دوو بۆ دوو تریلیۆن و 500 ملیار دینارە؛ پارە نییە".
عەبدولحوسێن موسەوی، جگە لە پۆستی وەزیری تەندروستی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەهجە و یەکێکە لەو 12 سەرکردەیەی شیعە کە چوارچێوەی هاوئاهەنگییان پێکهێناوە و زۆرینەی پێکهێنەری حکومەتی ئێستای عێراقن.
وەزیری تەندروستیی عێراق دەڵێ: "ژێرخانی نەخۆشخانەکان خراپە، کۆمپانیای دەرمانی کیمادیا کە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی دەرمانە، پێویستە پارە بەدەستبێنێت بۆ ئەوەی دەرمان هاوردە بکات و گرێبەستەکانی لە ساڵانی 2023 و 2024 واژۆ کردووە. ئێمە هیچ گرێبەستێکمان نەکردووە. ئێمە ئێستا لە مانگی حەوتداین، بەڵام تەنیا 15%ى شایستەکانی بۆ ئەم ساڵ وەرگرتووە".
عێراق مانگانە تەنیا بۆ مووچە پێویستی بە زیاتر لە 7.2 تریلیۆن دینارە، لەکاتێکدا بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی نەوت لە هەردوو مانگی ئایار و حوزەیراندا 32.1 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە کراوە و داهاتەکەی 2.3 ملیار دۆلار بووە.
دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیران لە عێراق لە 28ی تەممووز دەستیپێکرد، کە دوو مانگە دابەشکردنی لە وادەی پێشووی خۆی دوادەکەوێ.


