رووداو دیجیتاڵ موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە لە پەیامێکی توونددا رەخنەی لەو گرووپانە گرت کە بە "میلیشیا بێشەرمەکان" ناوی بردن و گوتی، بەهۆی ئەوان و نەبوونی چەک بەدەست دەوڵەتەوە، کارمەندانی حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەکان دەبنە قوربانی. موقتەدا سەدر، رۆژی پێنجشەممە، 30ـی تەممووزی 2026، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X) پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "رەفتاری میلیشیا لادەرەکان و نەبوونی چەک بەدەستی دەوڵەت، بووەتە هۆی شەهیدبوونی موجاهیدانی حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەکاندا بەبێ هیچ پاساوێک." بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، 29ـی تەممووزی 2026، سعودیە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمریکا ژمارەیەک هێرشیان کردە سەر بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی و لە ئەنجامدا بەگوتەی دەستەی حەشدی شەعبی 20 چەکداریان کوژران و 32ـی دیکە برینداربوون. سەدر، لە پەیامەکەیدا رەخنەی تووندی لە سەرکردەی ئەو گرووپانە گرت و گوتی، "لە کاتێکدا جەنگاوەران دەبنە قوربانی، گەورەکانی ئەو گرووپانە لە ئاسایش و حەسانەوە و بازرگانیدا دەژین. بەسە، ئەم هەڵسوکەوتە تاکەکەسی و ناعەقڵانییانە رابگرن." لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، موقتەدا سەدر سەرەخۆشیی لە کەسوکاری کوژراوەکان کرد و رایگەیاند، "رەحمەت و میهرەبانی بۆ شەهیدەکانمان و ئارامی بۆ خێزانە سەربەرزەکانیان، بەڵام هیچ سەرەخۆشییەک بۆ ئەو کەسانە نییە کە رەفتارەکانیان بووەتە هۆی لەدەستدانی ئەو شەهیدانە." لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەدر نزا دەکات کە خودا عێراق لە هەموو خراپەیەک و لە هەڵسوکەوتە ناپەسەندەکان بیپارێزێت.
عێراق30-07-2026ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بۆ رووداو: لە 6 مانگدا 768 کەس بە تۆمەتی هەراسانکردنی ئەلیکترۆنی دەستگیرکراون
عێراق30-07-2026سەباح نوعمان بۆ رووداو: سعویە هیچ بەڵگەیەکی پێشکەش نەکردووە لە عێراقەوە هێرشی کرابێتە سەر