رووداو دیجیتاڵ هێرشی هاوبەشیی یەکەمجاری ئەمریکی-سعودی لە عێراق، ژمارەی ئەو بەئامانجگرتنانەی لە دوای دروستبوونی ئاڵۆزیی ناوچەکە لە عێراق گەیاندە 100 ئامانج. هێرشەکە ئەو گرووپانەشی گرتووەتەوە کە ئامادەییان پێشاندابوو بۆ بەشداربوون لە سنووردارکردنی چەک بەدەستی دەوڵەت، کە یەکێک لە مەرجەکانى ئەمریکا بوو. بەرەبەیانی پێنجشەممە (29ی تەممووزی 2026)، بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە حەوت پارێزگای عێراق رووبەڕووی هێرشێکی لەناکاو بوونەوە، کە یەکەمجار بوو ئەمریکا و سعودیە پێکەوە لە دژی ئەو گرووپە زۆرینە شیعەیە بیکەن. ئەو هێرشانە دوای زیاتر لە سێ مانگ بوو لە وەستانی بۆردوومانکردنی گرووپەکانی نێو حەشدی شەعبی لە 8ی نیسان، کە بەشدار بوون لە پاڵپشتیی ئێران لەو جەنگەی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ی نیسانەوە تێى کەتبوو. تاوەکو ئەوکاتە و بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، 92 هێرش کرابوون، بەوانەی پێنجشەممەوە گەیشتنە 99 هێرش؛ ئاماری زیانی گیانیشی لەنێو ئەو هێزانە بۆ 95 کوژراو و 97 بریندار بەرزبووەوە. هێرشەکانی ئەمریکا و سعودیە لە دوای رۆژێک بوو لە تۆمەتبارکردنی ئەو گرووپە چەکدارانە لەلایەن ریازەوە بەوەی لە خاکی عێراقەوە هێرشیان کردووەتە سەر دامەزراوەکانی نەوتی ئەو وڵاتە، بێ ئەوەی ناوی ئەو گرووپانە بە دیاریکراوی بهێنێت کە تۆمەتەکەی ئاراستە کردوون. ئەو دۆخە سەربازییە، ئەو هێزانەشی لە بۆردوومانەکە هەڵاوێرد نەکرد کە پێشتر ئامادەییان دەربڕی بۆ بەشداربوون لەو هەنگاوەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران لە دوای دەستبەکاربوونی رایگەیاند؛ کە کۆنترۆڵکردنی چەکی گرووپە چەکدارەکانە لەژێر دروشمی "سنووردارکردنی چەک بەدەستی دەوڵەت". بارەگای لیوای 40ی کەتیبەکانی ئیمام عەلی یەکێک بووە لەو بارەگایانەی بەر بۆردوومانەکە کەوت کە سەر بە هاوپەیمانیی خەدەماتە؛ ئەو هاوپەیمانییەی لە 12ى حوزەیران بڕیاردرا پەیوەندی لەگەڵ گرووپە چەکدارەکە لە حەشدى شەعبی بپچڕێنێت وەک هەنگاوی یەکەمی سنووردارکردنی چەک بەدەستی دەوڵەت. حوسام روبەیعی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی خەدەمات بە تۆڕى میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو بۆردوومانانە بەربەست لەبەردەم پرۆسەی سنووردارکردنی چەک بەدەستی دەوڵەت دروست دەکات، ترسیش لای ئەو گرووپانەی دیکە دەورووژێنێت کە تاوەکو ئێستا چەکیان دانەناوە؛ "ئەو هێرشانە زیاتر بە ئامانجگرتنی دامەزراوە ئەمنییەکانە". بەگوتەی روبەیعی، هێرشەکان سەرجەم گرووپەکانی گرتووەتەوە بەبێ پێشکێشکردنی بەڵگە بەوەی بەشدار بووبێت لەو هێرشانەی سعودیە بانگەشەی دەکات، کە گوایە لە خاکی عێراقەوە بۆ سەر وڵاتەکەی کرابن. هاوپەیمانیی خەدەمات هەشت کورسی لە پەرلەمانی عێراق هەیە، بەر لە ئاگربەستى نێوان ئەمریکا و ئێران لە 8ی نیسان، بەشێک بوو لەو گرووپە چەکدارانەی کە نزیکبوون لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە و چەند جارێکیش بارەگانیان لەلایەن سوپاى ئەمریکاوە بۆردوومان کرا، ئەم هاوپەیمانییە لەگەڵ بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق، دوو لەو گرووپانە بوون بە ئاشکرا پابەندییان بە سنووردارکردنی چەک بەدەستی دەوڵەت راگەیاند، لە رێگەی پچڕاندنی پەیوەندی لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانیان لە حەشدی شەعبی. حەسەن شەیحانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەوەی روویدا تێڕوانینی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەبارەی سنووردارکردنی چەک بەدەستی دەوڵەت ناگۆڕێت و ئەو هەنگاوە بە بژاردەیەکی ستراتیژی ناودەبات و بەشێکە لە پلانی حکومەت". سنووردارکردنی چەک بەدەستی دەوڵەت بەستراوەتەوە بەو وادەیەی کە حکومەتی عێراق باسی دەکات بۆ کشانەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە کۆتایی مانگی ئەیلوول؛ ئەو وادەیەش هەمان پاساوە بۆ بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان بۆ ئەوەی چەک رادەستی دەوڵەت نەکەن، کە گوایە بۆ چەکدانان "چاوەڕێی چوونە دەرەوەی ئەمریکییەکانن." حەسەن شەیحانی رایگەیاند؛ هەنگاوی حکومەت لە سنووردارکردنی چەک بەدەستی دەوڵەت ئەوەیە کە بەکارهێنانی چەک تەنیا بە دەستی دامەزراوەکانی دەوڵەت بێت، ئەوەی پەیوەندیداریشە بە ناڕازییبوونی هەندێک گرووپ، بە گفتوگۆ چارەسەر دەکرێت. هێرشەکان جارێکی دیکە رژدبوونی هەندێک لە گرووپە چەکدارەکانی لە چەک دانەنان تاوەکو چوونە دەرەوەی ئەمریکا، نوێکردەوە. گرووپی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق کە وابەستەى کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، پێنجشەممە 29ی تەممووز رایگەیاند، ئەگەر گریمانەی ئەوە بکرێت لەم قۆناخە هەستیارەدا چەک و مووشەکەکانیان رادەستی حکومەت بکەن بۆ ئەوەی بەرگری لە سەروەریی عێراق بکات، "چی هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوە دەگیرێتەبەر لەبارەی ئەو تاقیکردنەوە راستەقینەیەدا، تاوەکو توانای خۆی لە بەرپەرچدانەوەی هێرشکاران بسەلمێنێت؟"
عێراق29-07-2026سەباح نوعمان: هێرشەکانی ئەمریکا و سعودیە هەوڵەکانیان بۆ زانینی راستیی هێرشەکان پەکخستین