رووداو دیجیتاڵ
فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی ئامادەیی دەستەکەی نیشاندا بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێک کە عێراق و دامەزراوە ئەمنییەکانی بکاتە ئامانج.
ئەو گوتانەی فالح فەیاز دوای کۆبوونەوەیەکی دەستەی حەشدی شەعبی بوو لەگەڵ عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بارەگای دەستەکە بۆ تاوتوێکردنی ئەو هێرشانەی بەرەبەیانی پێنجشەممە، 29ـی تەممووزی 2026، کرانە سەر چەند بارەگایەکی حەشدی شەعبی.
بەگوێرەی نووسینگەی رۆژنامەڤانیی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، لە کۆبوونەوەکەدا فالح فەیاز رایگەیاندووە، دەستەکەی ئامادەیە بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بە جۆرێک، کە ببێتە مایەی پاراستنی چەکدارانی حەشدی شەعبی و بەهێزکردنی ئاسایشی وڵات و پاراستنی سەروەرییەکەی.
لەو هێرشانەدا کە بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە حەوت پارێزگا کرانە ئامانج، 20 چەکداری حەشدی شەعبی کوژران و 32ـی دیکە بریندار بوون.
لەو سەردانەیدا بۆ دەستەی حەشدی شەعبی، عەلی فالح زەیدی فەرمانی دا بە رێزلێنان لە کەسوکاری ئەو چەکدارانەی کوژران و چارەسەرکردنی بریندارەکان، ئەوانەشی کە پێویست دەکات بۆ چارەسەر ببرێنە دەرەوەی عێراق.


