رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، ئەو هێرشانەی ئەمریکا و سعودیە کردیان بێ پاساون و هەوڵەکانیانی پەکخستووە بۆ زانینی راستی ئەو بانگەشانەی کراون لەبارەی ئەوەی لەنێو خاکی عێراقەوە هێرش کرابێت. گوتیشی، "پەیاممان بۆ گرووپە تاک و کۆمەڵەکان روونە کە بڕیار بە دەستی عێراق و حکومەت و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانە، تەنیا ئەوان لایەنی پەیوەندیدارن بۆ بەڕێوەبردنی دۆخی ئەمنی".
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، ئەو هێرشەی ئەمریکا و سعودیە کردیانە سەر عێراق "تاکڕەوانە و بێ پاساوە و عورفە نێودەوڵەتییەکانی بەزاندووە،" ئەو هەوڵانەشی پەکخستووە کە حکومەت دەیدا بۆ زانینی راستی ئەو بانگەشانەی وڵاتانی دیکە دەیکەن لەبارەی ئەوەی لەنێو خاکی عێراقەوە هێرش کراوەتە سەریان.
سەباح نوعمان رایگەیاند، بڕوا و متمانەی تەواومان بە هێزە ئەمنییەکانمان و گوێڕایەڵی فەرمانیان هەیە کە جەخت دەکەنەوە ئەو جۆرە هێرشانە نەکراون.
ئەمریکا و سعودیە بەرەبەیانی پێنجشەممە 29ـی تەممووزی 2026، لە حەوت پارێزگای عێراق هێرشیان کردە سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی.
سەباح نوعمان رایگەیاند، پێشتر بە فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، لیژنەی تەکنیکی و پەیوەندی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان پێکهێنراوە بۆ دەستکەوتنی هەر بەڵگە و زانیارییەک کە بیسەلمێنێت ئەو جۆرە هێرشانە کراون، بەڵام تاوەکو ئێستا سەرەڕای ئەوەی لیژنەکان هەنگاوی زۆریان لە کارەکانیاندا ناوە، بەڵام ئەو لایەنانەی دیکە کە بانگەشەی ئەوەیان کردووە لە خاکی عێراقەوە هێرش کراوە، پێشڤەچوونیان لەوبارەیەوە نەبووە.
هێرشەکان بۆ سەر ئەو بارەگایانەی حەشدی شەعبی لەدوای ئەوە بوو کە سعودیە گرووپە چەکدارەکانی عێراقی تۆمەتبار کرد بەوەی لە خاکی عێراقەوە هێرشیان کردووەتە سەر دامەزراوەکانی نەوت لە سعودیە.
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی پێنجشەممەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی، عەلی فالح زەیدی فەرمانی داوە بە دانانی پلانی ئەمنی بۆ پڕکردنەوەی سەرجەم بۆشاییە ئەمنییەکان و دووبارە بڵاوکردنەوەی هێزەکان و بەهێزکردنی هەوڵی هەواڵگری.
بەهۆی ئەو هێرشانەوە 20 چەکداری حەشدی شەعبی کوژران و 32ـی دیکەیان بریندار بوون.
سەباح نوعمان گوتی، "پەیاممان بۆ گرووپە تاک و کۆمەڵەکان روونە کە بڕیار بە دەستی عێراق و حکومەت و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانە، تەنیا ئەوان لایەنی پەیوەندیدارن بۆ بەڕێوەبردنی دۆخی ئەمنی و رێگە بە هیچ هەڵسوکەوتێکی تاکڕەوانە لەنێوخۆ نادەین و رێگەش بە هیچ دەستدرێژی و هێرشێک نادەین کە سەرچاوەکەی دەرەوەی سنوور بێت".


