رووداو دیجیتاڵ فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی بۆردوومانەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هێرشەکان "پەرەسەندنی نەرێنین" و جەختی لەوە کردەوە، "نامانەوێت فراوانبوونی ململانێی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ببینین." جێگری گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریشی دا لە تێکچوونی زیاتری ئاسایشی ناوچەکە و بە رووداوی گوت، "دەکرێت دۆخەکە زۆر لە پێشتر خراپتر بێت." شەوی رابردوو فەرماندەی ناوەندی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) بڵاویکردەوە، ئێران بە ژمارەیەک مووشەکی بالیستی هێرشی کردووەتە سەر بنکەیەکیان لە ئوردن. سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "زۆر بە تووندی وەڵامی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر بنکەکانمان دەدەینەوە"؛ ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر دانوستاندنەکان شکست بهێنن ئەوا لە کاژێرێکدا تەواوی پردەکانیان لەنێودەبەن. ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکی ئەمریکا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، هێرشەکەی بەیانیی رۆژی چوارشەممەی ئەمریکا و سعودیە بۆ سەر گرووپە چەکدارەکان لە عێراق کە نزیکن لە ئێران، بە هاوئاهەنگی بووە لەگەڵ بەغدا.