رووداو دیجیتاڵ بزووتنەوەی نوجەبا لە وەڵامی بۆردوومانەکانی بەیانی ئەمڕۆدا بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی، داوا لە حکومەتی عێراق دەکات بەپەلە هێزەکانی ئەمریکا دەربکات و هەموو جۆرە پەیوەندییەکیش لەگەڵ سعودیە بپچڕێنێت. رۆژی چوارشەممە، 29ـی تەممووزی 2026، بزووتنەوەی نوجەبا، کە گرووپێکی سەر بە "موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق"ـە لە راگەیێندراوێکی توونددا سەرکۆنەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و سعودیەی کرد و رایگەیاند، "ئەم هێرشانە سووکایەتیکردنە بە سەروەری و کەرامەتی عێراق و گەلەکەی." بزووتنەوەی نوجەبا، پێنج داواکاریی "یەکلاکەرەوە"یان ئاراستەی حکومەتی عێراق کردووە، یەکەم، دەرکردنی دەستبەجێی هێزەکان و داخستنی هەموو بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا، چونکە بەگوتەی ئەوان "بوونیان هەڕەشەیەکی بەردەوامە بۆ سەر ئاسایشی وڵات." دووەم، هەموو جۆرە هاوکاری و پەیوەندییەک لەگەڵ سعودیە ببڕدرێت و ئەو وڵاتە بە "سەری مارەکە" و "پارەدارکردنی تیرۆر" دژی عێراقییەکان ناودەبەن. سێیەم، داوا لە حکومەت دەکەین بێدەنگی بشکێنێت و تەنیا بە راگەیێندراوی سەرکۆنەکردن نەوەستێت، چونکە ئەوە وایکردووە هێرشەکان بەردەوام بن. چوارەم، داوا دەکەین بەپەلە سیستمی پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانی دابین بکرێت و لێپرسینەوەش لەگەڵ هەموو ئەو کەسانە بکرێت کە بوونەتە هۆی ئەوەی ئاسمانی عێراق بۆ هێرشەکان واڵا بێت. پێنجەم، رێگە نادەین "واشنتن و ئامرازەکەی سعودیە" خاکی عێراق گڵاو بکەن و دەبێت "باجێکی قورس" بدەن. لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، کە خوێنی شەهیدەکانیان بەفیڕۆ ناچێت و ئەو وڵاتانەی هێرشیان کردووە، باجی تووند دەدەن لەبەرامبەر زیانگەیاندن بە بەرژەوەندی و ئاسایشیان. بزووتنەوەی نوجەبا، کە یەکێکە لە پێکهێنەرانی گرووپی "موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" و حەشدی شەعبی، لە ساڵی 2013 دامەزراوە و لە عەسائیبی ئەهلی حەق جیابووەتەوە. ژمارەی چەکدارانی بە نزیکەی 10 هەزار چەکدار مەزەندە دەکرێت و ئەکرەم کەعبی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەکەیە. بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، 29ـی تەممووزی 2026، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و سعودیە چەندین بارەگای حەشدی شەعبییان لە هەشت پارێزگای جیاوازی عێراق بۆردوومان کرد، بەهۆیەوە 20 کەس کوژراون و 32 کەسی دیکەش بریندارن.
عێراق29-07-2026نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رووداو لەبارەی بۆردوومانەکانی عێراق: دەکرێت دۆخەکە زۆر خراپتر بێت