رووداو دیجتاڵ
باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد کە ئەمریکا و سعودیە کردیانە سەر چەند بارەگایەکی حەشدی شەعبی و رایگەیاند: "ئاسایش و شکۆی عێراق، ئاسایش و شکۆی ئێرانە".
پێنجشەممە 29ی تەممووزی 2026، باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدا راگەیێنراوێکی لەبارەی ئەو هێرشانە بڵاوکردەوە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ کرانە سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە حەوت پارێزگای عێراق.
باڵیۆزخانەکە سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کردووە و دەڵێت: "ئاسایش و شکۆی عێراق، ئاسایش و شکۆی ئێرانە".
بەهۆی ئەو هێرشانەوە 20 چەکداری حەشدی شەعبی کوژران و زیاتر لە 32 چەکداری دیکەش بریندار بوون. باڵیۆزخانەی ئێران سەرەخۆشی لە گەلی عێراق کردووە بەبۆنەی کوژرانی ئەو چەکدارانەوە و جەختی کردەوە کە پاڵپشتیی سەقامگیری و سەربەخۆیی عێراق دەکەن.
دوو سەرچاوەی حەشدی شەعبی بە ئاژانسی فڕانس پرێسیان راگەیاند، لە ئەنجامی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و سعودیە بۆ سەر بارەگاکانیان لە عێراق، پێنج "راوێژکاری سەربازیی ئێرانی" کوژراون، هەروەها میدیاکانی ئێرانیش ناوی چوار ئەندامی سوپای پاسدارانیان بڵاوکردەوە، کە دەگوترێت لەو هێرشانەدا کوژراون.
کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نەجەف لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس وێنەی تابووتی کوژراوانی ئێرانی لە بۆردوومانەکان بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: "تەکفیرییەکان، بەعسییەکان، ئەمریکا و ئیسرائیل؛ هەموویان خوێنی گەلی عێراقی و ئێرانییان رشتووە".




