رووداو دیجیتاڵ
گرووپە چەکدارەکانی عێراق کە خۆیان بە "موقاوەمەی ئیسلامیی لە عێراق" دەناسێنن، تاوەکو 7ـی ئابیش مۆڵەت دەدەنە حکومەت بۆ ئەوەی بزانن هەڵوێستی لەبارەی هێرشەکانی سعودیە و ئەمریکا چییە. دەشڵێت، "کاردانەوەمان لە دژی ئەمریکا بەڕێوەیە."
رۆژی پێنجشەممە، 29ـی تەممووزی 2026، گرووپی "موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" کە لە ژمارەیەک گرووپی چەکدار پێکدێت و نزیکە لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، راگەیێندراوێکی لەبارەی ئەو هێرشانە بڵاوکردەوە، کە ئەمریکا و سعودیە کردیانە سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە عێراق.
ئەو گرووپە رەتیدەکەنەوە هێرشیان کردبێتە سەر سعودیە و دەسەڵاتی ئەو وڵاتە بە "خزمەتکاری ناپاک" ناودەبەن و ئاماژە بەوە دەکەن، ئەگەر بانگەشەکانی سعودیە راست بن کە لە عێراقەوە هێرش کرابێتە سەر دامەزراوەکانی نەوت لەو وڵاتە، دەکرێت کاردانەوەی هەوڵێکی ناسەرکەوتوو بۆ هێرشکردنە سەر ئەو دامەزراوانەی نەوت، کوژران و بریندارکردنی دەیان کەس بێت کە گرووپەکە بە "بێتاوان" ناویان دەبات.
موقاوەمە رایگەیاندووە، ئەگەر گریمانەی ئەوە بکرێت لەم قۆناخە هەستیارەدا چەک و مووشەکەکانیان رادەستی حکومەت بکەن بۆ ئەوەی بەرگری لە سەروەریی عێراق بکات، "چی هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوە دەگیرێتەبەر لەبارەی ئەو تاقیکردنەوە راستەقینەیەدا، تاوەکو توانای خۆی لە بەرپەرچدانەوەی هێرشکاران بسەلمێنێت."
ئەو گرووپە تاوەکو 7ـی ئابی وەک مۆڵەت داوەتە حکومەت و داوای چەکدارانی گرووپی موقاوەمە دەکات بۆ ئەوەی وەک خۆیان دەڵێن، "بزانن حکومەت چی دەکات."
هەروەها گرووپی موقاوەمە ئاماژەی بەوە داوە، لە پەرۆشییان بۆ پاراستنی زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن و رێگری لە هەر پشێوییەک لەو بوارەدا، کاردانەوەیان لەبەرامبەر ئەمریکا بۆ دواتر دەبێت و هەر کاتێک پێویست بکات لە سعودیە هێرش دەکەنە سەریان.
لەو هێرشانەی سعودیە و ئەمریکا کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ـی تەممووز کران، لە حەوت پارێزگای عێراق بارەگاکانی حەشدی شەعبی بۆردوومان کران و بەهۆیەوە 20 چەکداری ئەو گرووپە کوژران و 32ـی دیکەشیان بریندار بوون.
ئەو هێرشانە لە دوای ئەوە بوو کە سعودیە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانی لە عێراق تۆمەتبار کرد بەوەی هێرشیان کردووەتە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئەو وڵاتە.




