رووداو دیجیتاڵ
دوو سەرچاوەی حەشدی شەعبی بە ئاژانسی فڕانس پرێسیان راگەیاند، لە ئەنجامی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و سعودیە بۆ سەر بارەگاکانیان لە عێراق، پێنج "راوێژکاری سەربازیی ئێرانی" کوژراون، هەروەها میدیاکانی نزیک لە سوپای پاسدارانیش ناوی چوار ئەندامی سوپای پاسدارانیان بڵاوکردەوە، کە دەگوترێت لەو هێرشانەدا کوژراون.
بەگوێرەی میدیای نزیک لە پاسداران، ئەو چوار ئەندامەی پاسداران خەڵکی شاری کاشانن، بە ناوەکانی عەلی ئەسغەر ئاستانە، ئەبوولفەزل موتەقی، مورتەزا ئەکبەری و ئەمیر عەباس.
لەلایەکی دیکەوە گرووپەکانی سەر بە حەشدی شەعبی لە کەناڵەکانیان لە تەلەگرام بڵاویانکردەوە، بەشێک لە بریندارانی هێرشە هاوبەشەکەی سعودیە و ئەمریکا "بۆ چارەسەر" گواستراونەتەوە ئێران.
بەیانیی رۆژی چوارشەممە، 29ـی تەممووزی 2026، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و سعودیە چەندین بارەگای حەشدی شەعبییان لە هەشت پارێزگای عێراق بۆردوومان کرد. بەگوێرەی دەستەی حەشدی شەعبی، لە ئەنجامی هێرشەکاندا لانیکەم 20 کەس کوژران و 32ـی دیکەش بریندار بوون.
هێرشەکەی سعودیە و ئەمریکا بۆ سەر ئەو گرووپانە دوای ئەوە هات کە رۆژێک پێشتر سعودیە ئەو گرووپە چەکدارانەی بەوە تۆمەتبار کردبوو، کە هێرشیان کردووەتە سەر ژمارەیەک کێڵگەی نەوت لە رۆژهەڵاتی سعودیە.
شەوی رابردوو، فەرماندەی ناوەندی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) بڵاویکردەوە، ئێران بە ژمارەیەک مووشەکی بالیستی هێرشی کردووەتە سەر بنکەیەکیان لە ئوردن. سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "زۆر بە تووندی وەڵامی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر بنکەکانمان دەدەینەوە"؛ ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر دانوستاندنەکان شکست بهێنن ئەوا لە کاژێرێکدا تەواوی پردەکانیان لەنێودەبەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکی ئەمریکا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، هێرشەکەی بەیانیی رۆژی چوارشەممەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر گرووپە چەکدارەکان لە عێراق کە نزیکن لە ئێران، بە هاوئاهەنگی بووە لەگەڵ بەغدا.
حەشدی شەعبی لە ساڵی 2014 بۆ شەڕی دژی رێکخراوی داعش دامەزرا. دامەزراندنی ئەم هێزە دوای فەتوایەکی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، باڵاترین مەرجەعی ئایینیی شیعەکان لە عێراق هات، ئەوەش لەو کاتەی داعش رووبەرێکی فراوانی خاکی عێراقی داگیر کردبوو.
لە ساڵی 2016دا، بەپێی یاسایەک حەشدی شەعبی وەک بەشێک لە هێزە ئەمنییە فەرمییەکانی عێراق ناسێندرا، ساڵێک دوای ئەوەش لە تەنیشت سوپای عێراق رۆڵێکی سەرەکییان لە تێکشکاندنی داعشدا گێڕا.
ئێستا حەشدی شەعبی دەیان گرووپی جیاواز لەخۆدەگرێت؛ بەشێکیان ئەو گرووپە چەکدارانەن کە لەلایەن ئەمریکاوە وەک رێکخراوی تیرۆریستی ناسێندراون. ئەم گرووپانە خۆیان بە بەشێک لە "بەرەی مقاوەمە" دەزانن لەوانە کەتیبەکانی حیزبوڵڵا و بزووتنەوەی نوجەبا و کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا.
ئەم لایەنانە جگە لەوەی لەنێو بنکەکانی حەشدی شەعبیدا ئامادەییان هەیە، خاوەنی بنکە، کۆگای چەک و کارگەی تایبەت بە دروستکردنی درۆنی خۆیانن. هێزەکانیان بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە درۆنی بۆمبڕێژکراو دەبەستن، بەڵام هاوکات خاوەنی رۆکێت و مووشەکی بالیستیی مەودا کورتن.



