رووداو دیجیتاڵ دەرچووانی بەشی زمانی کوردی لە هەرێمی کوردستان، نیگەرانن لەوەی بۆ خوێندن لە پەیمانگەی باڵای سەر بە وەزارەتی نێوخۆی عێراق وەرناگیرێن، لە کاتێکدا پسپۆڕیی زمانەکانی وەک ئیسپانی، تورکی و فارسی داوا دەکرێن. ئەندامێکی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراقیش رایدەگەیێنێت، نەبوونی بەشی زمانی کوردی پەیوەندی بە رەچاوکردنی پێداویستییەکانی وەزارەتەکەوە هەیە نەک پەراوێزخستنی زمانەکە. بڵند فەیسەڵ، دەرچووی بەشی زمانی کوردی لە زانکۆی سۆران، لە رێگەی بەرنامەی (مژار)ـی رادیۆی رووداوەوە رایگەیاند، دوای ساڵانێک لە خوێندن و ماندووبوون، ناتوانن داواکاریی خوێندن لە خولەکانی پەیمانگەی باڵای سەر بە وەزارەتی نێوخۆی عێراق پێشکێش بکەن، چونکە پسپۆڕیی زمانی کوردی لە دیاریکردنی بەشەکاندا نییە؛ ئەمە لە کاتێکدایە کە زمانی کوردی بەپێی دەستووری عێراق هاوشانی زمانی عەرەبی، زمانێکی فەرمییە لە وڵاتدا. ئەو دەرچووە ئاماژەی بەوەش کرد، لە خولی 89ـی وەزارەتی بەرگریی عێراق کێشەیەکی هاوشێوە هەبوو، بەڵام دواتر بە هەوڵی بەڕێوەبەری خوێندنی سەربازی چارەسەر کرا و دەرچووانی بەشی زمانی کوردیش وەرگیران. لە بەرامبەردا، مازن غەریب، ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی رووداو رایگەیاند، "وەرگرتنی خوێندکاران لە پەیمانگەی باڵای وەزارەتی نێوخۆ بەپێی پێداویستیی شارەزایی و پسپۆڕیی فەرمانگەکان دیاری دەکرێت، نەک لەسەر بنەمای زمانی نەتەوەیی یان پەراوێزخستنی زمانی کوردی." ئەو ئەندامەی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق روونی کردەوە، وەزارەتی نێوخۆ لەم قۆناخەدا زیاتر پێویستی بە پسپۆڕییەکانی یاسا، پزیشکی، ئەندازیاری و هەندێک زمانی بیانییە بۆ بەشەکانی وەک سەنتەری پەیوەندییەکانی 911. ئەندامەکەی پەرلەمانی عێراق جەختیشی کردەوە، تەنانەت بەشی زمانی عەرەبیش لەم خولانەدا وەک پسپۆڕیی جیاواز وەرناگیرێت، بەڵکو ئەوەی دەکرێتە بنەما، پێداویستییەکانی وەزارەتی نێوخۆیە لە پەیمانگەی باڵا و گوتی، "چیدیکە ناتوانرێت تەنیا لە روانگەی زمانەوە سەیری مەرجەکانی وەرگرتن بکرێت."