رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بڕیاریدا پلانێکی ئەمنیی "بەهێز" دابنرێت بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر پێشێلکارییەکی سەروەریی عێراق، هەروەها رێگری بکرێت لەوەی لە هیچ سەرچاوەیەکەوە هەڕەشە لە وڵاتانی دراوسێ بکرێت، حکومەتیش داوای لە هەموو لایەک کرد پەنا بۆ رێکارێک نەبەن کە ناسەقامگیریی ناوچەکە زیاتر بکات و هەوڵەکانی سەپاندنی یاسا پەک بخات.
رۆژی چوارشەممە، 29ـی تەممووزی 2026، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەو هێرشانەی ئەمریکا و سعودیە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ کردیانە سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی.
نووسینگەی رۆژنامەڤانیی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێنراوێکدا رایگەیاند، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کردووە و رایگەیاندووە، ئەو هێرشانە لە کاتێکدا بوون کە حکومەتی عێراقی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پەیوەندیدا بووە بۆ لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەوەی سعودیە و ئەمریکا باسیان کردووە لەبارەی هێرشکردنە سەر خاکی سعودیە.
ئەو هێرشانەی ئەمریکا و سعودیە بەرەبەیانی چوارشەممە 29ـی تەممووز کران، دوای ئەوەی رۆژی پێشتر سعودیە گرووپە چەکدارەکانی عێراقی تۆمەتبار کرد کە هێرشیان کردووەتە سەر خاکەکەی.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بڕیاریدا پلانێکی ئەمنیی "بەهێز" دابنرێت بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر پێشێلکارییەکی سەروەریی عێراق، هەروەها رێگری بکرێت لەوەی لە هیچ سەرچاوەیەکەوە هەڕەشە لە وڵاتانی دراوسێ بکرێت.
حکومەت داوا لە هەموو لایەک دەکات پەنا بۆ رێکارێک نەبەن کە دۆخی ناسەقامگیریی ناوچەکە زیاتر بکات و هەوڵەکانی سەپاندنی یاسا پەک بخات کە حکومەت لە دوای وەرگرتنی بەرپرسیارێتییەکەوە دەستی داوەتێ.
هێرشەکانی ئەمریکا و سعودیە بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە حەوت پارێزگا گرتەوە و بەهۆیەوە 20 چەکداری ئەو گرووپە کوژران و زیاتر لە 32ـی دیکەش بریندار بوون.
لەو کۆبوونەوەیەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراقدا سەرۆکوەزیران داوای لە وەزارەتی دەرەوە کرد بەگوێرەی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان رێکاری یاسایی لەوبارەیەوە بگرێتەبەر و جەختیشیکردەوە، بەردەوام دەبێت بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنی بۆ کشانەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە کۆتایی مانگی ئەیلوول و تەواوکردنی رێکارەکانی پلانی سنووردارکردنی چەک بەدەستی دەوڵەت.



