رووداو دیجیتاڵ
موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە، داوا لە ئێران و گرووپە چەکدارەکانی عێراق دەکات خاکی عێراق بۆ ململانێکان بەکارنەهێنن و دەڵێت:"عێراق پێویستی بە ئاشتییە و چی دیکە بەرگەی شەڕ ناگرێ."
رۆژی چوارشەممە 29ی تەممووزی 2026، موقتەدا سەدر رایگەیاند، خاکی عێراق شوێنێکی پیرۆزە و "نابێت ببێتە شوێنێک بۆ هێرشکردنە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران." داوایشی لە سوپای پاسدارانی ئێران کرد رێز لە سەروەریی عێراق بگرێ و خاکی وڵاتەکەی بۆردوومان نەکات.
سەدر لە پەیامەکەیدا هۆشدارییەکی تووندی ئاراستەی ئەو گرووپانە کرد کە بە "میلیشیا لە یاسا دەرچووەکان" ناوی بردن و گوتی، "نابێت بیانوو بدەنە دەست وڵاتانی کەنداو بۆ ئەوەی خاکی عێراق بکەنە ئامانج." راشیگەیاند کە سەرکۆنەی هەموو ئەو هێرشانە دەکات دەکرێنە سەر خاکی عێراق، ئینجا لە لایەن هەر لایەن و وڵاتێکەوە بێت.
سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە دەڵێ، "سەرکۆنەی کارە بێ شەرمانەکانی گرووپە چەکدارەکان دەکەم کە عێراق بەرەو شەڕێکی بێسوود دەبەن"؛ داوایشی لە حکومەتی عێراق کرد کە رێکاری جیدی بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەروەری بگرێتەبەر و رێگری لە فیتنەی تائیفی بکات.
سەدر گوتی، عێراق پێویستی بە ئاشتییە و شەڕ هەموو تواناکانی وڵات و شکۆی گەلی عێراقی لاواز کردووە، هەروەها هۆشداری دا لە بوونی "شانە نوستووەکانی تیرۆر" لە ناوخۆ و دەرەوە کە دەیانەوێ تائیفەگەری وەک بیانوویەک بۆ تێکدانی ئاسایشی عێراق بەکاربهێنن.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، موقتەدا سەدر داوای ئاشتی و تەبایی لەگەڵ هەموو وڵاتانی دراوسێ دەکات.
پەیامەکەی موقتەدا سەدر لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و سعودیە چەندین بارەگای حەشدی شەعبیان لە پارێزگاکانی عێراق بۆردومان کرد.



