رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە بەسرە رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە بارەگای سەرکردایەتییان کەوتووەتە بەر بۆردوومانێکی ئاسمانی و لە ئەنجامدا دوو کارمەندیان بریندار بوون.
رۆژی چوارشەممە، 29ـی تەممووزی 2026، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە بەسرە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، کاژێر 02:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بارەگای سەرکردایەتیی حەشدی شەعبی لە پارێزگای بەسرە رووبەڕووی هێرشێکی ئاسمانی بووەوە.
بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان کە لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانەدا دوو ئەندامی حەشدی شەعبی بریندار بوون.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی بەسرە ئاماژەی بەوەش کردووە، لایەنە پەیوەندیدارەکان چوونەتە شوێنی بۆردوومانەکە بە مەبەستی لێکۆڵینەوە.
ئەم هێرشەی سەر بەسرە بەشێکە لە زنجیرەیەک بۆردوومانی ئاسمانیی هاوبەشی ئەمریکا و سعودیە کە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگاکانی نەینەوا، سەلاحەدین و دیالەیش گرتەوە.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) و وەزارەتی بەرگریی سعودیە بە فەرمی رایانگەیاند کە ئەم هێرشانە وەک وەڵامێک بوون بۆ ئەو هێرشە درۆنییانەی لەنێو خاکی عێراقەوە کرانە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە و هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.



