رووداو دیجیتاڵ
دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیێندراوێکدا ئاماری هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و سعودیەی بۆ سەر بارەگاکانیان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لانیکەم 20 چەکداریان کوژراون و 32ـی دیکەش بریندار بوون.
لە راگەیێندراوەکەی حەشدی شەعبیدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە (29-07-2026) بڵاویکردووەتەوە، هاتووە ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر بارەگا فەرمییەکانیان، ژمارەیەک پارێزگەی عێراقیان گرتووەتەوە، کە بریتین لە بەغدا، واست، نەینەوا، بەسرە، کەرکووک، کەربەلا و دیالە. ئاماژە بەوەش کراوە، هێرشەکان زیانی مادیی جیاوازیان بە بارەگا، ئۆتۆمبێل و کەلوپەلە سەربازییەکانیان گەیاندووە.
حەشدی شەعبی رایگەیاند، لیژنە تایبەتمەندەکان بەردەوامن لە کارە مەیدانییەکانیان بۆ خەمڵاندنی زیانەکان و وردبینییکردن لە زانیارییەکان، بۆیە ئەو ئامارەی قوربانییان "ئامارێکی سەرەتاییە" و لەگەڵ بەردەوامیی گەڕان و تەواوبوونی راپۆرتە مەیدانییەکان، ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژراو و بریندارەکان هەیە.
ئەمریکا و سعودیە رایانگەیاند، لە وەڵامی هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا و دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە، گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانیان لە عێراق کردووەتە ئامانج.
هێرشەکانی ئەمریکا و سعودیە دوای ئەوە دێن کە ریاز رایگەیاند، چەند درۆنێکیان تێکشکاندووە کە لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە دامەزراوە نەوتییەکانیان کردبووە ئامانج و بۆ ئەمەش گرووپەکانی سەر بە ئێرانی لە عێراق تۆمەتبار کرد. بەڵام ئەو گرووپانە تۆمەتەکانی سعودیەیان بە "هەڵبەستراو" وەسف کرد و هۆشدارییان دایە ریاز لە هێرشکردنە سەر عێراق.
لە راگەیێندراوێکی پێشتردا لە رۆژی چوارشەممە، حەشدی شەعبی ئەو هێرشەی ئەمریکا و سعودیەی بە "هەڵکشانێکی مەترسیدار، پێشێلکردنی سەروەریی عێراق و هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەمنییە فەرمییەکانی" وەسف کردبوو.



