رووداو دیجیتاڵ
دوو بەرپرسی پەیوەندیدار دەڵێن، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای سەر ژمارەیەک کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراوی لە عێراق هەڵگرتووە، دوای ئەوەی مەرج و رێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراقیان جێبەجێ کرد، بەمەش دەتوانن دەست بە فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران بکەنەوە. بە گوتەی سەرۆکی سەندیکای کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق، زیاتر لە 30 کۆمپانیا کۆت و بەندیان لەسەر هەڵگیراوە.
سەرچاوەیەک لە بانکی ناوەندیی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە (19ی تشرینی یەکەمی 2026) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای سەر ژمارەیەک لە کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراوی عێراقی هەڵگرت، دوای ئەوەی دڵنیابوونەوە لەوەی پابەندی پێوەرە فەرمییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق بوون. ئەم هەنگاوەش رێگەیان پێدەداتەوە بەشداری لە پرۆسەی فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران بکەن."
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم رێکارە لە چوارچێوەی بەهێزکردنی پابەندبوونە بە رێساکانی چاودێری و رێکخستنەوەی پرۆسەی فرۆشتنی دراوی بیانی بەگوێرەی چوارچێوە فەرمییەکان.
هاوکات زیائـ تائی، سەرۆکی سەندیکای کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە (19ی تشرینی یەکەمی 2026) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نزیکەی ساڵێک و نیو لەمەوبەر، نزیکەی 75 کۆمپانیا لەلایەن بانکی فیدراڵییەوە خرانە ژێر وردبینی، دوای ئەوەی هیچ سەرپێچییەکیان بەسەردا ساخ نەبووەوە، لە قۆناخی یەکەمدا سزای سەر بەشێکیان هەڵگیرا."
بە گوتەی سەرۆکی سەندیکای کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق، ئێستا زیاتر لە 30 کۆمپانیا کۆت و بەندیان لەسەر هەڵگیراوە و چاوەڕێ دەکەن لە بەشی دووەمیشدا بەشێکی دیکە ئەو کۆت و بەندەیان لەسەر هەڵبگیرێ.
