رووداو دیجیتاڵ
دەستەی حەشدی شەعبی دەڵێ، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، چەند بارەگایەکیان لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق کەوتوونەتەبەر هێرشی هێزەکانی ئەمریکا و سعودیە، لە ئەنجامدا ژمارەیەک کوژراو و بریندار هەن.
رۆژی چوارشەممە، 29ـی تەممووزی 2026، دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "بارەگا فەرمییەکانی حەشدی شەعبی لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق رووبەڕووی هێرشی هێزەکانی ئەمریکا و سعودیە بوونەوە؛" ئاماژە بەوەش کراوە، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، چەندین کەس کوژراو و بریندارن و زیانێکی زۆری مادی بەر بارەگاکان کەوتووە.
حەشدی شەعبی ئەم هێرشانە بە "پێشهاتێکی مەترسیدار" و پێشێلکردنی سەروەریی عێراق و بەئامانجگرتنی دامەزراوە ئەمنییە فەرمییەکان دادەنێ؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لایەنە پەیوەندیدارەکان لە شوێنەکاندان بۆ زانینی زیانەکان و دواتر وردەکاریی زیاتر بۆ رای گشتی بڵاودەکەنەوە.
هاوکات مەهدی تەقی ئامەرلی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، لە رێگەی راگەیێندراوێکەوە گوتی، بەیانی ئەمڕۆ قەزای ئامرلی بۆردوومان کراوە.
لیوای 52ی حەشدی شەعبی، کە بە (لیوای ئامرلی) یان لیوای تورکمانی ناسراوە، یەکێکە لە یەکە سەربازییەکانی سەر بە دەستەی حەشدی شەعبی و لە ناوچەکانی پارێزگای سەلاحەدین جێگیرە.
مەهدی تەقی رەخنەی تووند لە حکومەت دەگرێ و دەڵێ: "تاوەکو کەی ئەم بێدەنگییە؟ کێ سەروەریی ئەم وڵاتە دەپارێزێ؟ بانگەشەی پاراستنی ئێمە دەکەن، کەچی هەر ئەوانەن کە دەمانکوژن."
رۆژی چوارشەممە، 29ـی تەممووزی 2026، لیوا روکن تورکی مالیکی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعودیە رایگەیاند: "وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشانەی لە رۆژانی دووشەممە و سێشەممە کرانە سەر دامەزراوە نەوتییەکان لە ناوچەکانی (شەرقییە و ریاز)، هێزە چەکدارەکانی سعودیە هێرشی جۆری و دیاریکراویان کردە سەر چەند ئامانجێکی میلیشیا تیرۆریستییەکانی سەر بە ئێران لە نێو خاکی عێراق."
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعودیە گوتی، ئەو هێرشانەی کرابوونە سەر سعودیە، لە خاکی عێراقەوە کرابوون، بۆیە "سعودیە مافی رەوای خۆیەتی بەرگری لە خاک و سەروەری و بەرژەوەندییەکانی بکات."


