رووداو - ديجتاڵ بەگوێرەى پێشنیازەیاسای قەرزکردنى عێراق کە ئێستا لە پەرلەمانە، دەسەڵاتى بە وەزیرى دارایی دراوە بۆ قەرزکردنى دوو تریلیۆن دینار و بە بڕیارى سەرۆکوەزیراینش دەتوانێت زیاد بکرێت بۆ پێنج تریلیۆن دینار، ئەو قەرزانە بۆ پڕۆژەکانى پێشوو لەگەڵ پڕۆژە بەردەوامەکان خەرج دەکرێت. کۆپیەکى ئەو پێشنیازەیاسایە دەست رووداو کەوتووە، کە 21ى تەممووزى 2026 لە لیژنەى داراییی ئاراستەى سەرۆکایەتیى پەرلەمان کراوە بۆ ئەوەى بیخاتە خشتەى کارەوە و پەسەند بکرێت. بەگوێرەى زانیارییەکانى رووداو، کە لە لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراقەوە دەستى کەوتووە، پێشنیازەیاساکە لەلایەن فالح سارى، وەزیرى دارایی عێراقەوە ئامادە کراوە، بەڵام لەگەڵ پەرلەمان رێککەوتووە کە وەک پێشنیازەیاسا پێشکێش بکرێت بۆ ئەوەى بە رێکارەکانى دەنگدانى ئەنجوومەنى وەزیران و وردبینى لە ئەنجوومەنى دەوڵەت تێپەڕنەبێت و خێراتر پەسند بکرێت. ئەو پێشنیازەیاسایە بە ناوى " قەرزکردن و بەخشین و هاوکارییەکان" پێشکێش کراوە، کە لە نۆ ماددە پێکهاتووە. بەگوێرەى پێشنیازەیاساکە قەرزەکان دەرەکی دەبن لە دەوڵەت و دامەزراوە دارایی و بانکە بیانییەکان بۆ پارەدارکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکان. بڕی ئەو پارەیەی کە دیاریکراوە بۆ قەرزکردن سێ جۆرە: بڕی دوو تریلیۆن دینار کە لە دەسەڵاتی وەزیری دارایی فیدراڵیدا دەبێت، بڕی پێنج تریلیۆن دینار کە لە دەسەڵاتی سەرۆکوەزیراندا دەبێت، ئەگەر بڕەکە لەوە زیاتر بێت، لە دەسەڵاتی پەرلەماندا دەبێت. جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، یەکێک لە تێبینییەکان لەسەر پێشنیازەیاساکە ئەوەیە ئەگەر بڕى قەرزەکە زیاتر بێت لە پێنج تریلیۆن بەرپرسیارێتییەکەى دەخاتە ئەستۆى پەرلەمان. یەکێکی دیکە لە بڕگەکان ئاماژەی بەوە داوە کە قەرز بەردەوام دەبێت بۆ پارەدارکردنی پڕۆژەکانی گەشەپێدان بەگوێرەی لەپێشینەییان؛ دوای ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ئەو قەرز و لێکتێگەیشتنانە پەسند دەکات، کە لە بودجەکانی رابردوودا پەسەند کراون، بە لەبەرچاوگرتنی گرنگیی ئەو پڕۆژانە. ئەو کۆمەک و پارانەی کە لەلایەن حکومەتەکان و دامەزراوە بیانییەکانەوە پێشکێشی وەزارەتەکان و پارێزگاکان دەکرێن، یان لەلایەن کەرتی تایبەتەوە دەدرێن، وەک داهاتی کۆتایی بۆ گەنجینە هەژمار دەکرێن، ئەگەر ئەو کۆمەک و هاوکارییانە تەکنیکی بن یان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە بن. بڕگەیەکی دیکەی پێشنیازەیاساکە باس لەوە دەکات، رەزامەندی دەربڕین لەسەر هاوکارییەکی دارایی یان جۆری دیکە و دووبارە تەرخانکردنەوەی، بە هەماهەنگیی نێوان لایەنی سوودمەند و هەردوو وەزارەتی پلاندانان و دارایی فیدراڵی دەبێت. بەشێکی قەرزەکان تایبەتن بە کەرتی کارەبا و ئاماژە بەوە دراوە، وەزیری دارایی فیدراڵی بۆی هەیە بە رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران، گەرەنتیی پارەدان یان گەرەنتیی قەرزی ئەو گرێبەستانە بکات کە وەزارەت و دامەزراوەکان لە ناوخۆدا دەیکەن، بەڵام نابێت گرێبەستەکانی وەزارەتی کارەبا بە شێوازی (ببە یان بدە - Take or Pay) بن، جگە لە وەبەرهێنانی وزەی خۆر، بەو مەرجەی بڕەکەیان لە پێنج تریلیۆن دینار لە ساڵێکدا تێپەڕ نەکات. جەمال کۆچەر گوتى: "یەکێک لە کێشەکانى ئەو پێشنیازەیاسایە ئەوەیە کە دیارنیەکراوە بۆ ساڵێکە یان بەردەوام دەبێت، مەترسییەکە ئەوەیە کە بەردوام بێت و ساڵانە ئەو قەرزەى وەزارەتى دارایی دەیەوێت، بیکات". بەگوێرەى پێشنیازەیاساکە ئەو قەرز، قەواڵە، هاوکاری و کۆمەکانەی کە دەدرێن، باج و گومرگیان لەسەر نابێت ئەگەر بۆ پڕۆژە بەردەوامەکان یان نوێیەکان بێت. ئەو هەنگاوەى حکومەت و پەرلەمانى عێراق بۆ پڕکردنەوەى کورتهێنانى خەرجییەکانە بەهۆى کەمبوونەوەى هەناردەى نەوت. لە هۆکارى دەرچوواندنى ئەو پێشنیازە یاسایە هاتووە "بە لەبەرچاوگرتنى ئەو کورتهێنانەى لە داهاتەکاندا دروست بووە، حکومەتى عێراقى تووشی ئەستەم بووە لە پارەدارکردنى خەرجى گشتى و لە پێناوگەرەنتى بەردەوامى دارایی و ئاسانکردنى پارەدارکردنى خەرجییە گتشییە گرنگەکان" ئەو یاسایە دەردەکرێت. مانگانە عێراق پێویستى بە زیاتر لە نۆ تریلیۆن دینارە بۆ خەرجى بەکارخستن و وەبەرهێنان، لە پێنج مانگى یەکەمى ئەم ساڵدا زیاتر لە 12 تریلۆن دینار کورتهێنانى هەبووە، لەکاتێکدا تەنیا قەرزە نێوخۆییەکانى گەیشتووەتە زیاتر لە 103 تریلیۆن دینار.