رووداو - دیجتاڵ
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی شاندێک بەرەو تورکیا بەڕێکەوت؛ نووسینگەکەی رایگەیاند لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا و بەرپرسانی ئەو وڵاتە پرسەکانی ئابووری، ئاو و ئاسایش تاوتوێ دەکات.
سێشەممە 28ی تەممووزی 2026، نووسینگەی رژنامەوانیی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند: عەلی فالح زەیدی بە سەرۆکایەتیی شاندێک بەرەو ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا بەڕێکەوت.
بەگوێرەی راگەیێنراوەکە، عەلی فالح زەیدی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.
نووسینگەی رۆژنامەڤانیی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند،لەو کۆبوونەوانەدا هاوکاریی دووقۆڵیی هەردوو وڵات تاوتوێ دەکەن، بەتایبەت لە بوارەکانی ئابووری، ئاو، ئاسایش و وەبەرهێنان؛ ئەوە جگە لە دۆسیەی دیکەی گرنگی نێوان هەردوو وڵات و پەیوەندیدار بە ناوچەکەوە.
بەگوێرەی راگەیێنراوەکە، لەو سەردانەدا هەردوولا باس لە شێوازی جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتن و لێکتێگەیشتنانە دەکەن، کە لە نێوانیاندا واژۆ کراوە، لەگەڵ بەدواداچوونی پڕۆژەکانی ژێرخانی هاوبەش و پەرەپێدانیان.
بڕیارە کاژێر17:00 بە کاتی هەولێر، عەلی فالح زەیدی لە کۆشکی کۆماریی تورکیا لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان پێشوازیی لێ بکرێت و کاژێر 19:15 چەند یاداشتێکی لێکتێگەیشتن واژۆ بکرێت.


.jpg&w=3840&q=75)
