رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق فەرمانی لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە دەدات لەبارەی ئەو زانیارییانەی باس لەوە دەکەن کە بە درۆن لە خاکی عێراقەوە هێرش کراوەتە سەر سعودیە. دەشڵێت، رێگە نادەن خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت.
رۆژی دووشەممە 27ـی تەممووزی 2026 سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، "لایەنە ئەمنییە تایبەتمەندەکانی راسپاردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە ناوەڕۆکی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی سعودیە، کە لە خاکی عێراقەوە بە درۆن هێرشکراوەتە سعودیە".
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیێندراوەکەدا جەخت لە "پابەندیی دەستووریی و نەگۆڕی خۆی بە پرەنسیپەکانی دراوسێیەتیی باش" دەکاتەوە و رایدەگەیێنێت: "رێگە نادرێت خاکی عێراق بکرێتە رێڕۆ، یان شوێنێک بۆ دەستپێکردنی هەر هێرشێک کە وڵاتانی خوشک و دۆست بکاتە ئامانج."
سەبارەت بە رێکارەکان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی دەڵێت: "حکومەت بەدواداچوون بۆ بەڵگەکان دەکات و بەگوێرەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان، رێکاری یاسایی تووند بەرانبەر هەر کەسێک دەگرێتەبەر کە بسەلمێنرێت تێوەگلاوە."
تورکی مالیکی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعودیە، رۆژی دووشەممە، 27ـی تەممووزی 2026 رایگەیاند:"هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی چەند درۆنێکیان تێکشکاند کە ئامانج لە ئاراستەکردنیان بریتی بوو لە بەئامانجگرتنی دامەزراوە نەوتییەکانی ناوچەی رۆژهەڵات و ریازی پایتەخت."
تورکی مالیکی گوتی، "ئەم هێرشە لە نێو خاکی عێراق و لە لایەن میلیشیا تیرۆریستییەکانی سەر بە ئێرانەوە کراوە."
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعودیە باسی لەوە کرد، حکومەتی وڵاتەکەی مافی رەوای خۆیەتی بەرگری لە سەروەریی وڵاتەکەی بکات و مافی وەڵامدانەوەی ئەم هێرشەش لە کات و شوێنی گونجاودا هەڵدەبژێرێ.


