دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە پارێزگای بەسرە باندێکی سێ کەسییان دەستگیرکردووە کە ماڵێکیان کردبووە نۆرینگەی ساختەی جوانکاری و بێ مۆڵەت نەشتەرگەریی دەرهێنانی چەورییان بۆ هاووڵاتییان کردووە. ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق، رۆژی دووشەممە، 27ـی تەممووزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای ئەوەی ژمارەیەک قوربانیی کارەکانی جوانکاری پەیوەندییان پێوە کردین، مەفرەزەکانمان لە بەسرە بە پشتبەستن بە زانیاریی هەواڵگریی ورد و دوای وەرگرتنی رەزامەندیی دادوەر، گەیشتوونەتە شوێنەکە. گوتەبێژی ئاسایشی نیشتمانی گوتیشی: "تۆمەتبارەکان لە کاتێکدا دەستگیرکران کە سەرقاڵی هێڵکاری بوون بۆ جەستەی ژنێک تاوەکو چەوریی بۆ دەربهێنن." ئاماژەی بەوەش کرد، ژنێکی عێراقی ماڵەکەی خۆی کردبووە نۆرینگەیەکی بێ مۆڵەت بۆ نەشتەرگەریی جوانکاری، ئەمەش پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا تەندروستییەکانە. بەپێی لێکۆڵینەوەکان، خاوەنی ماڵەکە دوو ژنی بیانیی هێناوە کە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد پزیشکی جوانکارین، بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەنامە یان ناسنامەیەکی فەرمییان پێبێت کە رێگەیان پێبدات لە ناو عێراقدا کار بکەن. ئەرشەد حاکم ئاماژەی بەوەش کرد، نەشتەرگەرییەکان لە ژینگەیەکدا کراون کە سەرەتاییترین مەرجی تەندروستی و پاکوخاوێنیی تێدا نەبووە، ئەمەش مەترسییەکی گەورەی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دروستکردووە. "رێکاری یاسایی بەرامبەر تۆمەتبارەکان گیراوەتەبەر و رەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون." چەوری دەرهێنان (Liposuction) پرۆسەیەکی نەشتەرگەریی جوانکارییە بۆ لابردنی چەوریی زیادەی کۆبووەوەی جەستە بە مەبەستی رێککاری لەش، نەوەک بۆ دابەزاندنی کێش. دیارترین لێکەوتەکانی دوای ئەم نەشتەرگەرییە: - مەیینی خوێن یان چەوری لە سییەکاندا - برینداربوونی بەشەکانی هەناو لە کاتی نەشتەرگەریدا - هەوکردنی تووندی برینەکان - کێشەکانی دەرمانی سڕکردن و بێهۆشکاری