رووداو دیجیتاڵ
بۆ یادی چلەی ئیمام حوسێن، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رۆژانی دووشەممە و سێشەممەی (3 و 4ـی ئاب)ی هەفتەی داهاتووی کردە پشووی فەرمی، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراقیش دەڵێت: "لە سەرەتای موحەڕڕەمەوە زیاتر لە ملیۆنێک زیارەتکاری بیانی هاتوونەتە عێراق."
رۆژی شەممە، 25ـی تەممووزی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریداوە رۆژانی دووشەممە و سێشەممە، رێککەوتی 3 و 4ـی ئابی 2026، بەبۆنەی یادی چلەی ئیمام حوسێن لە هەموو دامەزراوە فەرمییەکاندا پشووی فەرمی بێت.
لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ یادی چلە، فەریق سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایگەیاند، کۆی گشتیی ئەو زیارەتکارە بیانییانەی لە سەرەتای مانگی موحەرەمەوە تاوەکو رۆژی هەینی 24ـی تەممووز هاتوونەتە عێراق، گەیشتووەتە ملیۆنێک و 273 هەزار و 758 کەس.
سەعد مەعن ئاماژەی بەوەش کرد، هاتنی ئەم زیارەتکارانە لە هەموو دەروازە سنوورییەکانەوە بە شێوەیەکی رێک و پێک و بەپێی ئەو پلانە ئەمنی و خزمەتگوزارییانەی داڕێژراون، بەردەوامە.
مانگی موحەرەم و یادی چلەی ئیمام حوسێن لە لای پەیڕەوانی مەزهەبی شیعە بایەخێکی زۆری هەیە.
ساڵانە لەم مەراسیمانەدا ملیۆنان سەردانیکار لە وڵاتانی جیهان و دراوسێوە، بەتایبەتی لە ئێران، پاکستان، ئەفغانستان و وڵاتانی کەنداوەوە روو لە شارەکانی کەربەلا و نەجەف دەکەن.
یادی چلەی ئیمام حوسێن پار کەوتبووە 14ـی ئاب، بەڵام ئەم ساڵ دەکەوێتە 4ی ئاب.
حکومەتی عێراقیش بۆ رێکخستنی ئەم لێشاوە بەکۆمەڵەی زیارەتکاران و جێبەجێکردنی پلانە ئەمنییەکان، ساڵانە پشووی فەرمی رادەگەیێنێت و رێکارەکان لە دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان دەگەیێنێتە بەرزترین ئاست.



