رووداو دیجیتاڵ
پاسەوانی سنووری عێراق و سعودیە کۆدەبنەوە و یاداشتێک بۆ گۆڕینەوەی زانیاری و هاوئاهەنگى نێوانیان بە درێژایی سنووری نێوان هەردوو وڵات واژۆ دەکەن.
کۆبوونەوەکە پێنجشەممە 15ی تشرینی یەکەمی 2026 لەنێوان نوێنەرانی فەرماندەیی ناوچەی پێنجی پاسەوانی سنووری عێراق و فەرماندەیی باکووری رۆژهەڵاتی پاسەوانی سنووری سعودیە بووە.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراق رایگەیاند، ئەو کۆبوونەوەیە بەشێک بووە لە کۆبوونەوەی دەوریی نێوانیان و لە ناو خاکى سعودیە لە خاڵی سنووریی عەرعەر کراوە.
درێژایی هێڵی سنووری نێوان عێراق و سعودیە زیاتر لە 814 کیلۆمەترە، سعودیە سنووری هاوبەشی لەگەڵ پارێزگاکانی موسەننا، نەجەف و ئەنبار هەیە.
سەرچاوەکەی رووداو رایگەیاند، لەو کۆبوونەوەیەدا یاداشتێک لەنێوان هەردوو لا واژۆ کراوە بۆ هاوئاهەنگی و گۆڕینەوەی زانیاریی ئەمنی و هەواڵگری لە سنووری نێوانیان.
فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنی پرسە ئەمنییە هاوبەشەکان بووە بۆ بەهێزکردنی هاوئاهەنگی و هاریکاریی دوولایەنە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو سنوورە.
ئەو کۆبوونەوەیە دوای رۆژێک بوو لە سەردانی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ سعودیە.
لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا ریاز گرووپە چەکدارەکانی وابەستەی ئێرانی تۆمەتبار دەکرد بەوەی لە سنووری عێراقەوە هێرشیان کردووەتە سەر چەند ئامانجێکی وڵاتەکەیان.


