رووداو دیجیتاڵ
لەیس خەزعەلی، وەک یەکێک لە سەرکردە دیار و دامەزرێنەرانی ئەو بزووتنەوەیە لە دوای ساڵی 2003وە دەناسرێت. ساڵانێکی زۆر وەک (پیاوە سەربازییەکەی) عەسائیب لە پشت پەردەکان بوو، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە (15ی تشرینی یەکەمی 2026) بە فەرمی وەک جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەرلەمان متمانەی پێدرا.
لەیس خەزعەلی، برای قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەقە.
یەکەم کاردانەوە دوای پێدانی متمانە بە لەیس
جۆ ویڵسن، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە (ئێکس) پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هێرشی کردە سەر دەستبەکاربوونی لەیس خەزعەلی لە حکومەتی نوێی عێراقدا و رایگەیاند: "لەیس خەزعەلی ناوەکەی لە لیستی تیرۆردایە."
ئەو ئەندامەی کۆنگرێسی ئەمریکا راشیگەیاند: "بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق کە لەلایەن قەیس خەزعەلی (برای لەیس)ـەوە سەرکردایەتی دەکرێت، دەستیان لە کوشتنی ئەمریکی و عێراقییەکاندا هەیە."
جۆ ویڵسن لە پەیامەکەیدا گوتی: "عەسائیب لە رێکخراوی داعش باشتر نین و رەنگە مەترسیدارتریش بن." گوتیشی: "عێراق ئازادبکەن لە ئێران".
لە سوپای مەهدییەوە بۆ دامەزراندنی عەسائیب
لەیس خەزعەلی سەرەتا ئەندامێکی چالاکی (سوپای مەهدی) بوو بە سەرۆکایەتیی موقتەدا سەدر، بەڵام لە ساڵی 2005 لەگەڵ قەیسی برای و ئەکرەم کەعبی لە رەوتی سەدر جیابوونەوە و بزووتنەوەی عەسائیبیان وەک هێزێکی سەربەخۆ دامەزراند.
لە کاتێکدا براکەی خەریکی کاری سیاسی بوو، لەیس وەک فەرماندەی مەیدانی و جێبەجێکاری ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان دەناسرایەوە.
دەستگیرکردن و گۆڕینەوە بارمتەکان
لە ئاداری 2007دا، هێزەکانی بەریتانیا لە شاری بەسرە لەیس خەزعەلییان لەگەڵ براکەی و ئەندامێکی حیزبوڵڵای لوبنانی دەستگیر کرد.
لەیس بۆ ماوەی دوو ساڵ لە زیندان مایەوە و دواتر لە ساڵی 2009دا، لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی گۆڕینەوەی بارمتەکاندا ئازاد کرا.
دوای ساڵی 2014 و سەرهەڵدانی داعش، لەیس خەزعەلی وەک فەرماندەیەکی باڵای نێو حەشدی شەعبی دەرکەوتەوە، هێزەکانی عەسائیب بەشدارییان لە زۆربەی ئۆپراسیۆنەکاندا کرد، هاوکات رووبەڕووی رەخنەی تووندی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بوونەوە.
لە ساڵی 2015دا، رێکخراوی (هیومان رایتس وۆچ) لە راپۆرتێکدا هێزەکانی عەسائیبی تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانی "پێشێلکاری بەرامبەر مەدەنییەکان و وێرانکردنی موڵک و ماڵی خەڵک" لە ناوچەکانی تکریت و جەلام دوور.
دۆسیەی "تاڵانکردنی" پاڵاوگەی بێجی
یەکێکی دیکە لەو دۆسیانەی ناوی لەیس خەزعەلی تێدا هێنرا، پرسی کەلوپەلەکانی پاڵاوگەی بێجی بوو لە ساڵی 2015. لەو کاتەدا پەنجەی تۆمەت بۆ هێزەکانی عەسائیب درێژ کرا کە رێگرییان لە لایەنە حکومییەکان کردووە بچنە نێو پاڵاوگەکە و ئامێرەکانیان هەڵوەشاندووەتەوە و بردوویانە.
سزاکانی ئەمریکا و لیستی تیرۆر
لە کانوونی یەکەمی 2019دا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە تۆمەتی (پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و سەرکوتکردنی خۆپێشاندەرانی تشرین) سزای بەسەردا سەپاند.
دواتر لە کانوونی دووەمی 2020دا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە فەرمی ناوی لەیس خەزعەلیی خستە لیستی "تیرۆریستانی جیهانی".
پێش متمانەپێدانی لەیس خەزعەلی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق، لایەنە سیاسییەکان رایانگەیاند، توانیویانە "ڤیتۆی ئەمریکا" تێپەڕێنن.
