رووداو دیجیتاڵ
پار گەشتکردنی هاووڵاتیان لە رێگەی شەمەندەفەر لە عێراق 22.6% کەمی کردووە و داهاتەکەیشی 17.9% کەم بووەتەوە، ئەوەش بەهۆی وەستانی هەندێک لە شەمەندەفەرەکان و نوێنەکردنەوەی گرێبەستی تایبەت بە گواستنەوە لە رێگەی هێڵی ئاسنین.
ئەو ئامارانە بەشێکن لە راپۆرتی دەستەی گشتیی ئاماری عێراق لەبارەی چالاکیی رێگەی ئاسنین بۆ ساڵی 2025.
بەگوێرەی ئامارەکان، پار 192 هەزار گەشتیار شەمەندەفەرەکانی عێراقیان بۆ گەشتکردن بەکارهێناوە، بەراورد بە ساڵی پێشتر 22.6% کەمی کردووە، کە ئەو ساڵە 248 هەزار کەس ئەو رێگەیەیان بۆ گەشت بەکارهێناوە.
راپۆرتەکە هۆکاری کەمبوونەوەکەی بەستووەتەوە بە وەستانی هەندێک لە شەمەندەفەرەکان لە کارکردن.
3072 کیلۆمەتر هێڵی ئاسنین لە عێراق هەیە کە 1856یان سەرەکین و 60.4%ی تێکڕای درێژایی هێڵە ئاسنینەکان پێکدەهێنن.
ئامارەکە دەریدەخات پار 255 ملیۆن تۆن بار بە شەمەندەفەر لە عێراق گواستراوەتەوە، بەراورد بە ساڵی پێشتر 4.5% کەمی کردووە، کە ئەو ساڵە 267 ملیۆن تۆن بووە.
زۆربەی ئەو بارانەی لە رێگەی شەمەندەفەرەوە گواستراونەتەوە، بەرهەمە نەوتییەکان، بەرد و دانەوێڵە بوون.
داهاتی گواستنەوەی گەشتیاران لە رێگەی شەمەندەفەر بۆ پار 2.2 ملیار دینار بووە، کە بەراورد بە 2024 بە رێژەی 17.9% کەمی کردووە. ئەو ساڵە داهاتی گواستنەوەی گەشتیاران بەو رێگەیە 2.7 ملیار دینار بووە.
راپۆرتەکە ئەم کەمبوونەوەیەی بەستووەتەوە بە کەمبوونی ژمارەی فارگۆنی گواستنەوەی کاڵا و وەستانی گواستنەوەی کاڵا بۆ چەند مانگێک، بەهۆی نوێنەکردنەوەی گرێبەستی ئەو لایەنەی کە کاڵاکەی گواستووەتەوە.
نرخی تێکڕای گواستنەوەی هەر گەشتیارێک پار گەیشتووەتە 11 هەزار و 583 دینار، لە کاتێکدا ساڵی 2024 گەیشتبووە 10 هەزار و 919 دینار، بەوپێیە نرخی تێکڕای گواستنەوەی گەشتیار پار 6.1% زیادی کردووە.
پار 3338 کەس لە کۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسنینی عێراق کاریان کردووە، کە 6.5%یان بەراورد بە ساڵی پێشتر کەمی کردووە، ئەویش بەهۆی خانەنشینکردن و گواستنەوەیان بۆ وەزارەت و دامەزراوەکانی دیکە.
بەگوێرەی ئامارەکە، پار گواستنەوەی هەر گەشتیارێک 0.035 لیتر سووتەمەنی ویستووە، گواستنەوەی کاڵاش 0.011 لیتر سووتەمەنیی پێویست بووە.

