رووداو دیجیتاڵ
هێزێکی ئەمنی، دوو بەرپرس لە کەرکووک دەستگیردەکەن، کە یەکێکیان عەرەب و ئەوەی دیکەیان کوردە، ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیش دەڵێت، دوو بەرپرسەکە بە گەندەڵی تۆمەتبار کراون.
عەمید عامر نووری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە فەرماندەیی پۆلیسی کەرکووک ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی تەممووزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری کەرکووک بە تۆمەتی گەندەڵی لەلایەن هێزێکی دەستەی دەستپاکی دەستگیرکراوە".
عەمید عامر نووری ئاماژەی بەوەکرد، دەستگیرکردنەکە پەیوەندی بە فەرماندەیی پۆلیسی کەرکووکەوە نییە، بەڵکو دەستەی دەستپاکی هێزێکی تایبەت و دادوەریی خۆی هەیە، ئەوان دەستگیریان کردووە.
دکتۆر مەنسوور ئەحمەد، بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری کەرکووک بە نەتەوە عەرەبە. بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە فەرماندەیی پۆلیسی کەرکووک گوتی: "ئەمە یەکەمجار نییە و پێشتریش ئەو بەڕێوەبەرە دەستگیر کراوە".
عەبدوڵڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دکتۆر مەنسوور ئەحمەد، ئەمڕۆ دەوامی نەکردووە و لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە دەستگیرکراوە. بەهەمانشێوە سەروەت خورشید، کە بە نەتەوە کوردە، بەڕێوەبەری پێشووی هۆبەی ڤێترنەری ناحیەی شوانیش دەستگیر کراوە.


