رووداو دیجیتاڵ شاندێکی مامۆستایانی گرێبەستی هەرێمی کوردستان چوونە بەغدا و لەگەڵ جێگری سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنە کوردستانییەکان کۆبوونەوە. ئامانجیان جێگیرکردنی مووچەکانیانە لە بودجەی ساڵی 2027. رۆژی سێشەممە، 21ـی تەممووزی 2026، تۆلاس محەممەد، نوێنەری مامۆستایانی گرێبەستی خوێندنی باڵا کە یەکێک لە ئەندامانی شاندەکە بوو، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە پێنج نوێنەر بووین و بە نوێنەرایەتیی هەموو مامۆستایانی گرێبەست سەردانی بەغدامان کرد و لەلایەن فراکسیۆنی پارتییەوە میوانداری کراین و لەوێ لەگەڵ د. شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی؛ فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق؛ فراکسیۆنەکانی یەکێتی، نەوەی نوێ و یەکگرتووش کۆبووینەوە." تۆلاس محەممەد گوتی: "پاڵپشتیی هەموویانمان وەرگرت تاوەکو لە بودجەی نوێی ساڵی 2027ـی عێراق، مووچەی مامۆستایانی گرێبەستیش هەژمار بکرێت و مانگانە هاوشێوەی مووچەخۆرانی دیکە لەلایەن بەغداوە مووچەمان رەوانە بکرێت." بە گوتەی تۆلاس محەممەد، بڕیارە هەفتەی داهاتوو لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر هێڵ بن بۆ ئەوەی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ببینن. هەر ئەمڕۆ بەیانی، هیوا سەمەد کە ئەویش یەکێکی دیکەیە لە نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست، بە رووداوی راگەیاندبوو: "ئێمە پێنج کەس بەرەو بەغدا بەڕێکەوتووین و ئامانجی سەرەکیمان بەدەستهێنانی مافە رەواکانمانە، کە ئەویش بە هەمیشەییکردنی گرێبەستەکانە." لە هەرێمی کوردستاندا 86 هەزار و 791 فەرمانبەری گرێبەست هەن، کە نزیکەی 38 هەزار کەسیان مامۆستان و مووچەیان لەسەر داهاتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت.
عێراق21-07-2026عەلی زەیدی هۆشداری دەدات؛ هەر وەزیرێک بەرپرسی گەندەڵ لە پۆستەکەی بهێڵێتەوە، بەرپرسیارێتییەکەی لە ئەستۆ دەگرێت