رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی بۆ رێگری لە بەقاچاخبردنی نەوت و بەرهەمەکانی لە هەردوو پارێزگای دیالە و نەینەوا ئەنجامدا. گوتەبێژی دەزگاکە دەڵێ: "سێ قاچاخچی و تۆمەتبارێکی مەترسیدارمان دەستگیرکردووە."
ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگەی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، رۆژی شەممە، 10ـی تشرینی یەکەمی2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی ئابووری و بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی سووتەمەنی، تیمەکانمان لە رێگەی زانیاریی هەواڵگریی ورد و بەدواداچوونی مەیدانی، شەوی هەینی 9ـی تشرینی یەکەم، چەند ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتوویان ئەنجامدا."
بەگوتەی ئەرشەد حاکم، لە پارێزگای دیالە سێ قاچاخچی دەستگیرکران و دەست بەسەر چەندین تانکەردا گیرا کە بڕێکی زۆر نەوت، بەرهەمی نەوتی و مادەی دیکەیان تێدابوو.
ئەرشەد حاکم دەڵێ، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە بەشێک لەو بارانە بۆ قاچاخیکردن ئامادەکرابوون و سەرپێچیی گەورە لە بەڵگەنامەکانی گواستنەوە و سیستمی چاودێرییدا هەبووە.
گوتەبێژی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق گوتی: "لە پارێزگای نەینەواش هێزەکانی دەزگاکەمان توانیان تۆمەتبارێک دەستگیر بکەن کە بەپێی یاسای رووبەڕووبوونەوەی قاچاخی نەوت و بەرهەمەکانی، لەلایەن دادگەوە داواکراو بوو".
لەو ئۆپەراسیۆنانەدا دەست بەسەر نزیکەی 50 هەزار لیتر نەوتی قاچاخدا گیراوە. ئەرشەد حاکم دەڵێ: "تەواوی رێکارە یاساییەکان بەرامبەر سەرپێچیکاران گیراونەتەبەر و دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بەردەوام دەبێت لە راوەدوونانی ئەو کەسانەی زیان بە سامانی نیشتمانی و ئابووریی وڵات دەگەیێنن."

-X3.jpg&w=3840&q=75)
