رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دارایی عێراق لە یەکەم کۆبوونەوەیدا لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان دوای گەڕانەوەی لە ئەمریکا، ئەنجامی رێککەوتن و دیدارەکانی بۆ پەرلەمانتاران روونکردەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر دەرکردنی کۆمەڵێک یاسا کرایەوە بە مەبەستی زیادکردنی داهاتی نانەوتیی وڵات.
ئەمڕۆ دووشەممە 20ـی تەممووزی 2026 فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان کۆبووەوە. تەوەرەی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی ئەو پێشنیازەیاسایانەی کە پێویستن بۆ زیادکردنی داهاتی نانەوتی و گونجاندنیان لەگەڵ پێداویستییە داراییەکانی عێراق.
د. دانەر عەبدولغەفار، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: فالح ساری، وەزیری دارایی باسی ئەنجامی سەردانەکەیانی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و دیدارەکانی لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا و بانکی نێودەوڵەتی بۆ لیژنەکە کردووە و سەردانەکەشی بە "سەرکەوتوو" ناو بردووە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەش کرد، وەزارەتی دارایی پێویستی بە کۆمەڵێک یاسا هەیە بۆ وەرگرتنی قەرز و زیادکردنی داهات، بۆیە داوای هاوکاریی لە لیژنەی دارایی کردووە. لیژنەکەش بەڵێنی داوە تەواوی هەوڵەکانی بخاتە گەڕ و کۆبوونەوەی چڕ لەگەڵ پسپۆڕان بکات بۆ دەرکردنی ئەو یاسایانە.
بەپێی راگەیێندراوی فەرمیی کۆبوونەوەکە، عودەی عەواد، سەرۆکی لیژنەی دارایی رایگەیاندووە، پێویستە کارەکان لە چوارچێوەی دەستووری و یاساییدا بن بۆ ئەوەی یاساکان وەڵامدەرەوەی داواکارییەکانی ئەم قۆناخە بن.
لای خۆیەوە، فالح ساری تیشکی خستە سەر "یاسای قەرز، بەخشین و هاوکارییەکان" کە ئێستا لە ژێر گفتوگۆدایە. وەزیری دارایی جەختی لە بەردەوامیی هەماهەنگیی نێوان وەزارەت و پەرلەمان کردەوە بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان و زیادکردنی داهاتی گشتی بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی خەزێنەی دەوڵەت.
لیژنەی دارایی پشتیوانیی خۆی بۆ هەموو ئەو هەوڵانە دەربڕی کە دەبنە هۆی زیادکردنی سەرچاوەکانی داهات و بەهێزکردنی بودجەی گشتیی عێراق.


