رووداو دیجیتاڵ کۆمپانیای نەوتی باکوور رایگەیاند، هەموو ئامادەکارییە تەکنیکی و ئەندازیارییەکانیان بۆ دەستپێکردنەوەی وەرگرتن و هەناردەکردنی نەوتی خاوی کەرکووک لە رێگەی هێڵی ستراتیژییەوە بەرەو بەندەری جەیهانی تورکیا تەواو کردووە. کۆمپانیای نەوتی باکوور لە راگەیێندراوێکدا، رۆژی شەممە، 18ـی تەممووزی 2026 بڵاویکردەوە: پێگە تەکنیکی و ئەندازیارییەکانیان هەموو ئەو کارانەیان بەپێی پلانەکان کردووە، ئێستا ئامادەکارییەکان بۆ کارپێکردنی سیستمەکە کۆتاییان هاتووە. بڕیارە سەرەتا بۆری 40 ئینجی پڕ بکرێت تاوەکو نەوتەکە بگاتە وێستگەی "IT1A"، پاشان لە رێگەی بۆری 46 ئینجییەوە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان پرۆسەی تاقیکردنەوەی کارپێکردنی تەواوەتی بکرێت. بەپێی راگەیێندراوەکە، وێستگەی IT1A، ئێستا ئامادەیە رۆژانە بڕی 300 بۆ 350 هەزار بەرمیل نەوتی خاو وەربگرێت و هەناردەی بکات، ئەمەش لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی سیستمی باکوورەوە. کۆمپانیای نەوتی باکوور روونیکردەوە کە ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هەوڵەکانی وەزارەتی نەوت بۆ نۆژەنکردنەوەی سیستمی هەناردەکردنی باکوور و بەهێزکردنی تواناکانی کارپێکردن. هەروەها داواشی لە کۆمپانیا و لایەنە پاڵپشتیکارەکان کردووە پابەندییە گرێبەستییەکانیان تەواو بکەن تاوەکو بەپێی خشتە دیاریکراوەکان دەست بە کارەکان بکرێت. سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای نەوتی باکوور بە رووداوی گوت: "هەمان ئەو بۆرییەی کە لە ساڵی 2014 بەهۆی شەڕی داعشەوە لە ناوچەکە روویدا، ئەو بۆرییانە وێران بوون، ئێستا لەسەر هەمان بۆرییەکانی جاران دووبارە نۆژەنکراونەتەوە، راستەوخۆ نەوت لە کەرکووکەوە هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکیا دەکرێت." سەرچاوەکەی نەوتی باکوور گوتیشی: "هێڵی بۆرییەکان لە مووسڵەوە تێدەپەڕێت تاوەکو دەگاتە زاخۆ، لەوێوە نەوتەکە راستەوخۆ بۆ تورکیا دەچێت." کۆمپانیای نەوتی باکوور رۆژانە نزیکەی 325 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە کێڵگەکانی پارێزگای کەرکووک و ناوچەکانی دەوروبەری بەرهەم دەهێنێت، کە بەشی زۆری بۆ پێویستیی ناوخۆ و پاڵاوگەکان بەکار دەهێنرێت. توانای کارپێکردنی وێستگەی IT1A، رۆژانە 300 بۆ 350 هەزار بەرمیلە، ئەمەش واتا هێڵەکە دەتوانێت زۆربەی نەوتی کێڵگەکانی کەرکووک بگوازێتەوە کاتێک بە تەواوەتی دەکەوێتە کار.