رووداو دیجیتاڵ لە دانیشتنێکی پڕ لە گرژیی پەرلەمانی عێراقدا، 64 پەرلەمانتار وەک ناڕەزایەتییەک دژی بڕیاری حکومەت بۆ دیاریکردنی نرخی دۆلار بە 152 هەزار دینار لە پڕۆژەیاسای بودجەدا، واژۆیان کۆکردەوە و کارنامەی دانیشتنەکەیان بۆ گفتوگۆیەکی نائاسایی لەسەر بڕیارەکە گۆڕی. پەرلەمانتاران بڕیاریاندا پارێزگاری بانکی ناوەندی و وەزیری دارایی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەم پرسە بانگهێشتی پەرلەمان بکەن. جەمال کۆچەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەڵێت: "ئەو بابەتە یەکلا بووەتەوە، چونکە بودجە هەمووی لەسەر ئەو بنەمایە دانراوە و حکومەت رێنمایی داوەتە هەموو بانکەکان کە بازرگانەکان رێکارە بانکییەکان بە نرخی نوێ ئەنجام بدەن." گوتیشی، "بازرگانان زەرەرێکی گەورەیان کردووە و بەم بڕیارەش حکومەت کێشەی خۆی لەسەر حیسابی چین و توێژەکان چارەسەر کرد." لەلایەکی دیکەوە، سعود ساعدی، ئەندامێکی دیکەی ئەنجومەنی نوێنەران، بە رووداوی گوت: "داوامان کردووە سەرۆکوەزیران و پارێزگاری بانکی ناوەندی و وەزیری دارایی بانگهێشت بکرێنە پەرلەمان و رەزامەندیی زارەکیمان لە سەرۆکی پەرلەمان وەرگرتووە کە وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی بانگهێشتی لیژنەی دارایی بکرێن." ساعدی، ئامانجی بانگهێشتکردنەکەی بۆ "لێکدانەوەی کاردانەوەکانی ئەو بڕیارە" گەڕاندەوە و گوتی، دەبێت روون بکرێتەوە کە "ئایا بڕیارەکە واقعییانە و زانستییانە دراوە یان لەژێر فشاری دەرەکی و بانکی نێودەوڵەتی بووە." هاوکات، بڕیارەکە ناڕەزایەتیی تووندی هاووڵاتیان و خاوەن نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراویشی لێکەوتووەتەوە. حوسێن مەیاحی، خاوەن نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو، دەڵێت: "بەپێی ئامارە فەرمییەکان، زیاتر لە 10 ملیۆن هاووڵاتیی عێراقی لەژێر هێڵی هەژارییەوەن. ئەگەر نرخی دۆلار بەرز بێتەوە، کارەسات ڕوودەدات، وەک ئەوەی ئێستا لە بازاڕەکاندا دەیبینین کە نرخی هەموو کەلوپەلێک بە شێوەیەکی نائاسایی بەرزبووەتەوە." هەروەها، رەسول عەلی، یەکێک لە هاووڵاتیان، باسی لەوە کرد کە بڕیارەکە "کاریگەریی زۆری لەسەر نرخی خۆراک و کەلوپەل و پێداویستیی رۆژانەی هاووڵاتیان دروست کردووە." پەرلەمانتاران جەخت دەکەنەوە، ئەگەر وەڵامی حکومەت بۆ ئەم بڕیارە قایلکەر نەبێت، ئەوا دەنگ بە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2027 نادەن.
عێراق07-10-2026دۆلار کارنامەى پەرلەمانى گۆڕى، وەزیرى دارایی و پارێزگارى بانکى ناوەندى بانگهێشت دەکرێن