رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکی فیدراڵیی عێراق، دەستگیرکردنی چوار فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی دیوانیەی راگەیاند، کە تۆمەتبارن بە تێوەگلان لە ساختەکاری و "زیانگەیاندنی بە ئەنقەست بە بەرژەوەندیی گشتی" لە پرۆسەی تەرخانکردنی پارچە زەوی بۆ پارێزەران.
ئەمڕۆ شەممە 18ی تەممووزی 2026، دەستەی دەستپاکی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، تیمێکی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی دیوانیە بە پشتبەستن بە فەرمانی دادوەر، چوونەتە سەر شارەوانیی شارەکە و سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی وردبینیی داواکارییەکانی وەرگرتنی پارچە زەوییان دەستگیر کردووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، سەرۆکی لیژنەکە کە هاوکات بەرپرسی هۆبەی یاساییە لە شارەوانیی دیوانیە، لەگەڵ سێ فەرمانبەری دیکەی ئەندامی لیژنەکە، رەزامەندییان داوە لەسەر بەڕێوەچوونی رێکارەکانی تەملیککردنی پارچە زەوی بۆ توێژی پارێزەران، سەرەڕای ئەوەی گومان و بەڵگەی ساختەکاری و دەستکاریکردن لە مامەڵەکاندا هەبووە.
دەستەی دەستپاکی باسی لەوەش کردوە، ئەو فەرمانبەرانە بە ئەنقەست زیانیان بە دارایی و بەرژەوەندیی ئەو فەرمانگەیەی گەیاندووە کە کاری تێدا دەکەن.
دوای دەستگیرکردنیان، تۆمەتبارەکان رووبەڕووی دادوەری لێکۆڵینەوەی دیوانییە کراونەتەوە کە تایبەتە بە دۆسیەکانی دەستپاکی. دادوەر بڕیاری دا بە راگرتنی هەر چوار فەرمانبەرەکە بەگوێرەی مادەی 340 لە یاسای سزاکانی عێراق، کە تایبەتە بە سزادانی ئەو فەرمانبەرانەی بە ئەنقەست زیان بە دارایی دەوڵەت دەگەیێنن.



