رووداو دیجیتاڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری وزەی ئەمریکا لە واشنتن کۆبوونەوە و باسیان لە پلانی حکومەتی عێراق بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت، دروستکردنی "شاری وزە" لە نیمچەدوورگەی فاو و کۆتاییهێنان بە سووتاندنی گازی هاوەڵ کرد. رۆژی هەینی، 17-07-2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە شوێنی مانەوەی خۆی لە واشنتن پێشوازی لە کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا کرد. بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پەرەپێدانی هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە کەرتی وزە و سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیای کۆمپانیا ئەمریکییەکان کرا. سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، حکومەتەکەی کار بۆ "هاوبەشیی درێژخایەن" لەگەڵ وڵاتە خاوەن ئابوورییە بەهێزەکانی جیهان و بەتایبەتی ئەمریکا دەکات. عەلی زەیدی ئاماژەی بەوە کردووە کە عێراق پێویستی بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووە بۆ ئەوەی لە کەمترین کاتدا بگاتە ئامانجەکانی لە کەرتی نەوت، پاڵاوتن و وەبەرهێنان لە کانزاکاندا. نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە، بانگهێشتکردنی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بووە بۆ بەشداریکردن لە پڕۆژەی دروستکردنی "شاری وزە" لەسەر کەناراوەکانی نیمچەدوورگەی فاو، کە بەشێک دەبێت لە پڕۆژەی "رێگەی گەشەپێدان". نووسینگەکە رایگەیاندووە کە کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا، پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ هەنگاوەکانی عێراق دەربڕیوە و ئاماژەی بەوە کردووە کە کۆمپانیا ئەمریکییەکان "زۆر پەرۆشن" بۆ کارکردن لە عێراق. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە وەزیری وزەی ئەمریکا جگە لە پرسی ئابووری، پشتگیریی واشنتنی بۆ هەوڵەکانی حکومەتی عێراق لە "رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و کۆنترۆڵکردنی چەک" دووپات کردووەتەوە. هەروەها ستایشی پلانەکانی عێراقی کردووە بۆ فراوانکردنی وەبەرهێنان لە گازی هاوەڵ و کۆتاییهێنان بە سووتاندنی گاز لە کێڵگە نەوتییەکاندا، کە "هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی ژینگە و دابینکردنی وزەی ناوخۆیی." رۆژی 13ـی تەممووز، عەلی فالح زەیدی بە سەرۆکایەتیی شاندێک گەیشتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و رۆژی دواتر لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆبووەوە. عەلی جاف، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بەشدارە لەگەڵ ئەو شاندەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کە سەردانی ئەمریکای کردووە.
عێراق17-07-2026بە پاڵپشتیی ئەمریکا؛ عێراق و سووریا رێککەوتنی نۆژەنکردنەوەی بۆریی نەوتی نێوانیان واژۆ کرد