رووداو دیجیتاڵ وەزیری گەیاندنی عێراق دەڵێ، بەهۆی ئەوەی ئەپڵیکەیشنی رێنیشاندەری (وەیز) دروستکراوی ئیسرائیلە، لە سەرەتای ساڵی 2027ـەوە لە عێراق قەدەخە دەکرێت. لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، مستەفا سەنەد، وەزیری گەیاندنی عێراق سەبارەت بە نیگەرانییە ئەمنییەکان لەسەر بەکارهێنانی ئەپڵیکەیشنی نەخشە و رێنیشاندەری (وەیز) رایگەیاند: "ئەپڵیکەیشنەکە لە عێراق بەکارهێنەرێکی زۆری هەیە، بەڵام جێگرەوەی لەبار هەن، لەوانە گووگڵ ماپ و سیستمی رێنیشاندەری خۆماڵی عێراقی." سەبارەت بە هۆکاری نیگەرانییەکان لەسەر ئەو ئەپڵیکەیشنە و هەنگاوەکانی داهاتوو، گوتی: "نیگەرانییەکان لەبەر ئەوەیە کە دروستکراوی ئیسرائیلە و سەر بەو قەوارەیەیە، بۆیە لە سەرەتای ساڵی 2027ـدا لە عێراق قەدەخەی دەکەین." لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بۆ رووداو، لەبارەی گرێبەست و مۆڵەتدان بە خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی (ستارلینک)، مستەفا سەنەد باسی لەوە کرد، ئەو پرسە پەیوەندی بە وەزارەتی گەیاندنی فیدراڵییەوە نییە و روونی کردەوە: "ئەرکەکانی وەزارەتی گەیاندنی فیدراڵی جیاوازە لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لە هەرێمی کوردستان، لە هەرێمی کوردستان وەزارەت تایبەتمەندە بە گواستنەوە، پۆستە، فریکوێنسی و رێکخستنی کەرتی گەیاندن، بەڵام لە حکومەتی فیدراڵیدا تەنیا ئەرکی ژێرخان و پۆستە لە ئەستۆی وەزارەتدایە." ئاماژەی بەوەش کرد کە دۆسیەی مۆڵەتدان و رێکخستنی خزمەتگوزاریی ستارلینک بەتەواوی لە چوارچێوەی ئەرک و دەسەڵاتەکانی دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق دایە.