رووداو دیجیتاڵ
گرێبەستێک لەنێوان کۆمپانیای گەڕان بەدوای نەوت و کۆمپانیای کار واژۆ کرد بۆ رووپێویی بوومەلەرزەیی دوو رەهەندی و سێ رەهەندی لە هەردوو کێڵگەی (ساسان و عەلان) لە پارێزگای نەینەوا، بە مەبەستی زیادکردنی یەدەگی نەوت و گازی عێراق.
رۆژی سێشەممە، 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەراسیمی واژۆکردنی گرێبەستەکە بە ئامادەبوون و سەرپەرشتیی باسم محەممەد خزەیر، وەزیری نەوتی عێراق بەڕێوەچوو.
وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، وەزارەتەکەی سوورە لەسەر جێبەجێکردنی پلانە ستراتیژییەکانی حکومەت بۆ کاراکردنی چالاکییەکانی دۆزینەوە و گەڕان بەدوای سامانی سرووشتیدا، تاوەکو یەدەگی نوێی نەوت و گاز دەستەبەر بکرێت و قەرەبووی ئەو بەشەی یەدەگیش بکرێتەوە، کە لە ساڵانی رابردوودا بەکارهاتووە.
وەزیری نەوت داوای کرد پرۆژەکە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا جێبەجێ بکرێت و هەردوو کێڵگەکە بە سەرکەوتوویی پەرەیان پێ بدرێت، بە جۆرێک ببێتە هۆی بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی نەوت و گاز لە پارێزگای نەینەوا.
لە رێوڕەسمی واژۆکردنی گرێبەستەکەدا بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری دەرهێنان، بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری گاز، راوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی کۆمپانیا و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراق ئامادە بوون.
کێڵگەکانی نەوت و گازی ساسان و عەلان، بە دوو لە گرنگترین بلۆکە نەوتییە دۆزراوەکانی باکووری رۆژئاوای شاری موسڵ لە پارێزگای نەینەوا دادەنرێن کێڵگەی ساسان دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای موسڵ (نزیک ناحیەی بادۆش و قەزای تەلەعفەر) و رووبەرەکەی نزیکەی 197 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە. هەروەها کێڵگەی عەلان، دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای موسڵ (نزیک ناحیەی عەیازیا) و رووبەرەکەی نزیکەی 162 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە.

.jpg&w=3840&q=75)
