رووداو دیجیتاڵ
لە ناوچەی سەدری بەغدا، دەنگی بێ وچانی مۆلیدە ئەهلییەکان بەسەر هەموو دەنگەکانی دیکەدا زاڵە. دانیشتووانی ئەم ناوچەیە دەڵێن، رۆژانە کەمتر لە 10 کاژێر کارەبای نیشتمانییان پێدەگات و ناچارن بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە، پشت بە مۆلیدە ئەهلییەکان ببەستن.
عەلی سالم، خاوەن مۆلیدەیە و دەڵێت: "چوار کاژێر مۆلیدە کاردەکات، دوو کاژێر کارەبای نیشتمانی دێت. جاری وا هەیە خەڵک خۆیان کابینەی کارەبا دەسووتێنن، ئەو کاتە دەبێت مۆلیدە بەردەوام کار بکات، ناتوانین لەسەر خەڵک بیکوژێنینەوە."
نەبوونی کارەبای بەردەوام، تەنیا کێشەی ماڵان نییە، بەڵکو زیانی ئابووریی بە دوکاندار و کاسبکارانیش گەیاندووە.
حەمزە ناسر، مریشکفرۆشە بە رووداوی گوت: "ئەو رۆژە دووکانم داخست و رۆیشتمەوە، کەچی دواتر کارەبا هاتبووەوە و هێزەکەی زۆر بوو، فێنککەرەوەکەی سووتاندبوو. بەیانی کە هاتمەوە، بینیم 20 مریشک مرداربوونەتەوە. ئەگەر مریشکێک بە 8 هەزار دینار بێت و پارەی کارەبا و خەرجیی دیکەشی بێتە سەر، نرخەکەی دەبێتە زیاتر لە 10 هەزار دینار و بارگرانییەکە دەکەوێتە سەر هاووڵاتییان."
سەعد حەیان، کاسبکارێکی دیکەیە و دەڵێت: "کارەبا زۆر خراپە، رۆژانە لەنێوان حەوت بۆ هەشت کاژێر کارەبای نیشتمانی هەیە. من کارەبای مۆلیدەم راکێشاوە و بۆ هەر ئەمپێرێک 15 هەزار دینار دەدەم."
بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری، عێراق پێویستی بە نزیکەی 70 هەزار مێگاوات کارەبا هەیە، بەڵام وەزارەتی کارەبا هۆکاری کەمبوونەوەی کاژێرەکانی کارەبا بۆ خراپیی رەوشی دارایی دەگەڕێنێتەوە.
بەپێی راپۆرتی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق، لەدوای ساڵی 2003ـەوە تاوەکو ساڵی 2025، نزیکەی 120 ملیار دۆلار بۆ کەرتی کارەبا خەرج کراوە. بەپێی ستانداردی جیهانی، هەر ملیارێک دۆلار دەتوانێت هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم بهێنێت، بەم پێیەش دەبووایە عێراق ئێستا خاوەنی 120 هەزار مێگاوات کارەبا بووایە، بەڵام لە راستییدا تەنیا 28 هەزار مێگاوات کارەبای هەیە.


