رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 1500 فەرمانبەری نوێی گرێبەست لە نەینەوا یان دەستیان لەکار کێشاوەتەوە، یان لەدوای ئەوەی ناویان بۆ دامەزراندن هاتووەتەوە دەوامیان نەکردووە، دیوانی پارێزگای نەینەوا داوای لە فەرمانگەکان کردووە لە ماوەیەکی دیاریکراودا ناوی ئەوانەیان بۆ بنێرن، کە دەوام دەکەن.
ئەو فەرمانبەرانەی گرێبەست بەشێکن لەو 17 هەزار و 50 کەسەی کە لە 27ی کانوونی دووەمی 2025 بۆ فەرمانگەکانی نەینەوا ناویان راگەیێندرا.
محەممەد کاکەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: زیاتر لە 1500 کەس لەو کەسانەی ناویان وەک گرێبەست هاتووەتەوە، وازیان هێناوە یان دەستبەکار نەبوون بەهۆی کەمیی مووچەکەیان کە 280 هەزار دینارە".
رۆژی پێنجشەممە 16ی تەممووزی 2026، دیوانی پارێزگای نەینەوا نووسراوێکی ئاراستەی سەرجەم فەرمانگەکان کردووە و داوای لێکردوون کە تاوەکو 23ی تەممووز ناوی سەرجەم کارمەندانی گرێبەستی ئەو فەرمانگەکانیان بۆ بنێرن کە دەوام دەکەن، لەگەڵ لیستی ئامادەنەبووان.
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رایگەیاند، ئەو نووسراوە بۆ ئەوەیە ئەو فەرمانبەرانەی گرێبەست کە واز دەهێنن، ئەو کەسانە لە شوێنیان دابنرێن کە یەدەگن، بەو پێیەی کە مووچەکانیان لە دیوانی پارێزگاوە خەرج دەکرێت.




