رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، ئەگەر راگرتنی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر لەلایەن کۆمپانیای دانەگازەوە بەردەوام بێت، 1400 مێگاوات کارەبا لەدەست دەدەین.
رۆژی پێنجشەممە، 16ـی تەممووزی 2026، ئەحمەد تورکی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ئاماژەیان لە لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە پێگەیشتووە بەوەی کە بەرهەمهێنانی گاز لەلایەن کۆمپانیای دانەگاز لە کێڵگەی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان راگیراوە، بەهۆی ئەو دۆخە ئەمنییەی ناوچەکەی گرتووەتەوە و ئەگەر ئەو دۆخە بەردەوام بێت 1400 مێگاوات کارەبا لەدەست دەدەین.
کۆمپانیای دانەگاز رایگەیاند، راگرتنی بەرهەمهێنانیان بە شێوەیەکی کاتییە و بەهۆی بوونی هەڕەشەی ئەمنی و زیادبوونی گرژی لە ناوچەکەیە.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، دەستیان کردووە بە گرتنەبەری رێکاری تەکنیکیی پێویست و پلانێکی لەناکاو دانراوە بۆ بەڕێوەبردنی سیستمی کارەبا لە رێگەی دووبارە دابەشکردنەوەی کارەبا و سوودبینین لە سەرجەم یەکەکانی بەرهەمهێنان بە مەبەستی کەمکردنەوەی کاریگەریی ئەو کەمبوونە پێشبینیکراوەی لە بەرهەمهێنانی کارەبا لەسەر سەقامگیریی سیستمی کارەبا.
ئێستا لە عێراق 23 هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێندرێت، لە کاتێکدا لە وەرزی گەرمادا پێویستی بە زیاتر لە 50 هەزار مێگاوات کارەبایە.
بۆ پڕکردنەوەی بەشێک لەو کورتهێنانە، حکوومەتی فیدراڵی لە نێوان 500 بۆ 1000 مێگاوات کارەبا لە هەرێمی کوردستان دەکڕێت کە بڕەکەی بەگوێرەی وەرزەکان دەگۆڕێت.




