رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، بارکردنی نەوتی خاو بۆ کەشتییە نەوتییەکان لە بەندەرەکانی باشوور هێشتا بەردەوامە و هەناردەکردن رانەوەستاوە.
سەلیم روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێڕاق، رۆژی پێنچشەممە، 16ـی تەممووزی 2026، بە رووداوی راگەیاند: "بارکردنی نەوتی خاو لە بەندەرەکانی باشوور بۆ نێو کەشتییە نەوتهەڵگرەکان هێشتا بەردەوامە، هەناردەکردن رانەوەستاوە".
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق گوتیشی: "لە هەمان کاتدا لێکۆڵینەوە لە راستی و دروستی ئەو هەواڵانە دەکەین کە باس لە کەوتنی تەنێکی نامۆ لە یەکێک لە کەشتییە نەوتهەڵگرەکان دەکەن. هەر کە پڕۆسەی وردبینی و لێکۆڵینەوەکە کۆتایی هات، ئەنجامەکەتان پێ رادەگەیەنین".
ئەمە لە کاتێکدایە، لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە، پرۆسەی بارکردنی نەوت لە بەندەری بەسرە راگیراوە، دوای ئەوەی کەشتییەکی نەوتهەڵگر رووبەڕووی هێرشێکی درۆنی بووەوە.
بەندەری بەسرە و دامەزراوەکانی هەناردەکردنی نەوت لە باشووری عێراق، بە گرنگترین رێڕەوەکانی هەناردەی وڵات دادەنرێن، چونکە زۆرترین نەوتی خاوی عێراقی لەوێوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێت.


