رووداو دیجیتاڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق داوا لە عێراقییەکانی دەرەوە دەکات بگەڕێنەوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵات. داواشی لە باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنتن و کۆنسووڵخانەکانی عێراق کرد، هەموو ئاسانکارییەک بۆ رەوەندی عێراقی بکەن لە پرسی دەرکردنی پاسپۆرت، کارتی نیشتمانی و راییکردنی مامەڵە کۆنسووڵییەکان. عەلی فالح زەیدی، لە شوێنی مانەوەی خۆی لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا، لەگەڵ ژمارەیەک لە نوێنەرانی رەوەندی عێراقی کۆبووەوە، کە پێکهاتبوون لە بازرگان، میدیاکار، پسپۆڕ، قوتابییانی نێردراو و پیاوانی ئایینی. بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەکەی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتوویەتی: "عێراق ئێستا پێویستی بە کادیر و پسپۆڕەکانیەتی لە دەرەوە"، چونکە دەتوانن رۆڵێکی کاریگەر لە گەشەپێدانی وڵاتدا بگێڕن. راشیگەیاند بارودۆخی ئێستای عێراق لە رووی سەقامگیرییەوە گونجاوە بۆ گەڕانەوەی تاراوگەنشینان، بە تایبەت لە سایەی ئەو چاکسازییە ئابووریانەی حکومەت دەستی پێکردوون. زەیدی داوای لە بازرگانانی عێراقی نیشتەجێی ئەمریکا کرد کە سوود لە دەرفەتە وەبەرهێنانەکانی ناو عێراق وەربگرن و ببنە هاندەرێک بۆ هاتنی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ ناو بازاڕی عێراق. سەرۆکوەزیرانی عێراق رێنمایی دایە وەزارەتی دەرەوە و باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنتن و کۆنسووڵخانەکان، کە هەموو ئاسانکارییەک بۆ رەوەندی عێراقی بکەن لە پرسی دەرکردنی پاسپۆرت، کارتی نیشتمانی و رایی کردنی مامەڵە کۆنسووڵییەکان بە زووترین کات. هەر لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا، زەیدی لەگەڵ ئەجای بانگا، سەرۆکی گرووپی بانکی جیهانی (WBG) و شاندێکی یاوەری کۆبووەوە و رایگەیاند، ئابووریی عێراق لە گەشەکردندایە و حکومەت دووپات لە چاکسازیی کەرتی بانکی و پەرەپێدانی کەرتی غەیرە نەوتی دەکاتەوە. زەیدی راشیگەیاند، حکومەت بەردەوامە لە دامەزراندنی "سندووقی گەشەپێدان" بۆ دابینکردنی بودجەی پڕۆژە وەبەرهێنانەکان لە هەموو پارێزگاکان، لەگەڵ پشتگیریکردنی کەرتی تایبەت وەک هاوبەشێکی سەرەکی. ئەجای بانگا، سەرۆکی بانکی جیهانی، ئامادەیی بانکەکەی دەربڕی بۆ پێشکێشکردنی هاوکاریی تەکنیکی و راوێژکاری، بەتایبەت لە بواری داڕشتنەوەی کەرتی بانکی و بودجەی پڕۆژەکان.