رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای گشتیی ئاسن و شیش لە بەسرە، ئامادەیی خۆی بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی نێوخۆیی و هەناردەکردنی شیش رادەگەیێنێت و دەڵێت، بەرهەمەکانیان بەپێی ستانداردە جیهانییەکانە.
رۆژی پێنچشەممە، 16ـی تەممووزی 2026، کۆمپانیای گشتیی ئاسن و شیش لە پارێزگای بەسرە، کە سەر بە وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی عێراقە، رایگەیاند، ئامادەن هەموو پێداویستییەکانی فەرمانگە حکومییەکان و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت بە شیشی بیناسازی دابین بکەن.
بەرهەمی رۆژانەی کارگەکە دەگاتە نزیکەی هەزار و 100 تۆن. کۆمپانیاکە دەڵێت، شیشەکان بە قەبارەی جیاواز کە لەنێوان (8 ملم بۆ 32 ملم) دان و بەپێی کوالێتی و ستانداردە جیهانییەکان بەرهەم دەهێنرێن.
عەباس محەممەد سەیھود، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای ئاسن و شیش لە پارێزگای بەسرە رایگەیاند، کۆمپانیاکەیان توانای تەواوی هەیە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی بازاڕی نێوخۆ و هەناردەکردنی زیادەی بەرهەمەکانیان.
عەباس محەممەد سەیھود ئاماژەی بەوەش کرد، کۆمپانیاکەیان یەکێکە لە کۆنترین کۆمپانیا پیشەسازییەکانی عێراق و ناوچەکە و خاوەنی ئەزموونێکی زۆرە لە پیشەسازیی ئاسندا. هەروەها گوتیشی کە کارگەکانیان نوێ کردووەتەوە تاوەکو لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیای جیهانی لەم بوارەدا هاوتەریب بن.
کۆمپانیای ئاسن و شیش لە پارێزگای بەسرە، دەکەوێتە ناوچەی خۆر زوبێر لە پارێزگای بەسرە (نزیکەی 5کم لە بەندەری خۆر زوبێرەوە دوورە).


.jpeg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)