رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق، هێرشە درۆنییەکەی سەر شاری هەولێر بە تووندی شەرمەزار دەکات و رایدەگەیێنێت، رێگە نادەن دەستکاریی سەقامگیریی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی بکرێت. دەشڵێت: "رێنماییمان داوەتە هێزە ئەمنییەکان بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو هێرشانە."
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پۆستێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە سۆشیاڵ میدیای "X" رایگەیاند: "لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی دەستووریمانەوە، بە تووندی سەرکۆنەی ئەو دەستدرێژییە دەکەین لە رێگەی (درۆن) کرایە سەر ئاسمانی شاری هەولێر لە هەرێمی کوردستانی عێراق."
سەرۆکوەزیرانی عێراق راشیگەیاند، هیچ چاوپۆشییەک لە بەرامبەر ئەو "هەوڵە تاوانکارییانە" ناکرێت و گوتی: "ئەو هەوڵانە بە بێهیواییەوە دەیانەوێت زیان بە سەقامگیریی گەلەکەمان و کاروانی بونیادنانی دەوڵەت و ئاشتیی کۆمەڵایەتی بگەینن."
سەبارەت بە رێکارە ئەمنییەکان، زەیدی رایگەیاند رێنمایی داوەتە دەزگا و پێکهاتە ئەمنییە تایبەتمەندەکان بۆ ئەوەی "هەموو هەوڵەکانیان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان یەکبخەن، بە مەبەستی گرتنەبەری هەموو رێکارێکی پێویست بۆ رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشانە."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجیان بڕینەوەی دەستی هەر لایەنێکە کە بیەوێت زیان بە ئاسایشی کۆمەڵگەی عێراقی لە هەر شوێنێکی وڵات بگەینێت.
دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، شەوی (چوارشەممە، 15-07-2026) لە نێوان کاژێر 20:53 بۆ 21:20، هێزەکانی هاوپەیمانان هەشت درۆنی بۆمبڕێژکراویان لە ئاسمانی هەولێر تێکشکاند و خستەخوارەوە.
بەپێی زانیارییەکان، یەکەم هێرش لە کاژێر 20:55 کرا و تێکشکێندرا، دواتریش لە کاژێر 21:20 درۆنی دیکە ئاراستەی هەولێر کران. بەهۆی ئەمەوە، پاشماوەی درۆنە تێکشکێندراوەکان لە شەقامی 150 مەتری و چەند گەڕەکێکی دیکەی شاری هەولێر کەوتنە خوارەوە.
بەگوێرەی ڤیدیۆی هاونیشتمانییان و شایەتحاڵان لە شوێنی رووداوەکە، لە یەکێک لە شەقامەکاندا پارچەی درۆنێک بەر ئۆتۆمبێلێک کەوتووە، بەڵام تەنیا زیانی مادی هەبووە. هێزە ئەمنییەکان دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکان و دەستیان بە لێکۆڵینەوە و هەڵگرتنەوەی پارچەی درۆنەکان کردووە، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانیش تاوەکو ئێستا هیچ زیانێکی گیانی رانەگەیێندراوە.

.jpeg&w=3840&q=75)
