رووداو دیجیتاڵ
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق ئەو دەنگۆیانە رەت دەکاتەوە کە باس لە "ئازادکردنی ژمارەیەکی زۆر تیرۆریست" لە هەولێر و دهۆک و گواستنەوەیان بۆ کەرکووک دەکەن.
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە: "شانەی راگەیاندنی ئەمنی بەدواداچوونی بۆ ئەو لێدوانانە کرد کە لە هەندێک دەزگای راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە و خراونەتە پاڵ یەکێک لە سیاسییەکان، کە گوایە ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانەی وەک تیرۆریست پۆلێنکراون، لە هەندێک لە گرتووخانەکانی هەولێر و دهۆک ئازادکراون و بەرەو پارێزگای کەرکووک گوێزراونەتەوە."
شانەکە ئاماژەی بەوە کردووە: "بەپێی ئەو زانیارییە فەرمییانەی لەبەردەستدان، ئەو لێدوانانە پشت بە هیچ راگەیێندراو و هەڵوێستێکی دەرچوو لە لایەنە ئەمنییە تایبەتمەندەکانی عێراق نابەستن و تاوەکو ئێستاش هیچ شتێک نییە راستیی ئەو بانگەشانە بسەلمێنێت."
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییە تایبەتمەندەکان بەردەوام چاودێریی هەموو ئەو زانیارییانە دەکەن کە پەیوەندییان بە "هەڕەشە تیرۆریستییەکان و جموجووڵی کەسانی داواکراوەوە هەیە"؛ هەروەها، هەر زانیارییەکی ئەمنی، پێش ئەوەی پشتپێبەستراو بێت یان رابگەیێندرێ، وردبینی و پشکنینی بۆ دەکرێ.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی دەڵێ: "هێزە ئەمنییەکان بە هەموو یەکە و پێکهاتەکانیانەوە بەردەوامن لە ئەرکەکانیان بۆ راوەدوونانی پاشماوەکانی رێکخراوە تیرۆریستییەکان و رێگریکردن لە هەر چالاکییەک کە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی هاووڵاتییان دروستبکات. هەروەها، هێزەکان لە ئاستێکی بەرزی ئامادەیی و وریاییدان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەکی ئەگەری".
شانەکە داوا لە هاووڵاتییان دەکات باوەڕ بەو هەواڵ و زانیارییانە نەکەن کە لە سەرچاوەی نافەرمییەوە بڵاودەبنەوە و تەنیا پشت بەو راگەیێندراوانە ببەستن کە لە لایەنە فەرمییە تایبەتمەندەکانەوە دەردەچن. ئاسایشی هاووڵاتییان و سەقامگیریی وڵات بەرپرسیارێتیی دامەزراوەکانی دەوڵەتە و هەر زانیارییەکی ئەمنی بەپێی رێکارە پیشەیی و یاساییەکان مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.


