رووداو دیجیتاڵ
دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق فەرمانی دا بە هەڵوەشاندنەوەی باجی ناونووسین بۆ تیروپشکی حەج و گەڕاندنەوەی ئەو پارانەی پێشتر بە شێوازی ئەلیکترۆنی لە هاونیشتمانییان وەرگیراون.
ماجد حاج، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەریوەندییەکانی دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق، رۆژی چوارشەممە، 15ـی تەممووزی 2026، بە رووداوی راگەیاند :" شێخ سامي مەسعوودی، سەرۆکی دەستەکە بڕیاری داوە بە هەڵوەشاندنەوەی مەرجی دانی پارەی خزمەتگوزارییە کارگێڕی و تەکنیکییەکان لە کاتی ناونووسین بۆ تیروپشکی ئەلیکترۆنیی حەج."
ماجد حاج راشیگەیاند: "ئەم بڕیارە وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ داواکاریی هاووڵاتییان و بە مەبەستی کەمکردنەوەی بارگرانی دارایی و ئاسانکاری لە رێکارەکانی ناونووسیندا دراوە و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە تەکنیکییەکان، وەرگرتنی ئەو پارەیە راگیرا".
بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی حەج و عومرەی عێراق دڵنیایی دەداتە ئەو کەسانەی پێشتر پارەکەیان داوە و دەڵێت: "هەموو ئەو هاووڵاتییانەی لە ماوەی رابردوودا پارەی خزمەتگوزارییە کارگێڕی و تەکنیکییەکانیان داوە، پارەکانیان بە شێوازی ئەلیکترۆنی بۆ دەگەڕێندرێتەوە و پێویست ناکات سەردانی فەرمانگەکانی دەستەکە بکەن لەسەر هەمان ماستەر کارتی پێشکێشیان کردووە دەگەڕێتەوە ."
سەرەتای کاراکردنی لینکی ناونووسینی ئەلیکترۆنی، پێشکەشکار بڕی 50 هەزار دینار وەک باجی خزمەتگوزاریی کارگێڕی و تەکنیکی لێوەردەگیرا.
دەستەی حەج و عومرەی عێراق، هۆشداری دەداتە ئەو کەسانەی لە تیروپشکەکەدا ناویان دەردەچێت و رایدەگەیەنێت، بە هیچ شێوەیەک رێگە نادرێت "وازهێنان" بۆ کەسانی دیکە بکرێت.
هەروەها داوا لە هاووڵاتییان دەکات وریای لاپەڕە ساختەکان بن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە بازرگانی بە ناوی حەجەوە دەکەن و جەخت دەکاتەوە، کە رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کۆمپانیایانە دەگرنەبەر.
دلێر بەرزنجی، بەڕێوەبەری ئەوقافی کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، تەواوکاریی پێشکێشکارانی 2027 بەگوێرەی پارێزگاکان پشکیان دەبێت، لە کەرکووک زیاتر لە 600 کەسی دیکە وەردەگیرێن کە دەبنە بەشێک لە پشکی پارێزگاکە، کە 1280 کەسن.
ساڵانە پشکی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ حەج نزیکەی 42 هەزار کەسە، کە زیاتر لە 5 هەزاری پشکی هەرێمی کوردستانە.
مەرجە سەرەکییەکانی ناونووسین بۆ حەج لە عێراق:
- پێویستە تەمەنی پێشکەشکار لە 45 ساڵ کەمتر نەبێت، کەسانی بەتەمەن لە پێشترن.
- پێشکەشکار تەنیا دەتوانێت لەو پارێزگایە ناوی بنووسێت کە کارتی نیشتەجێبوونی لێیە.
-هەر کەسێک پێشتر بە هەر ناوێک (حاجی، کارگێڕ، رێبەر ) چووبێتە حەج، مافی ناونووسینی نییە. هەروەها ئەوانەی لە ساڵانی رابردوو ناویان دەرچووە و پاشەکشەیان کردووە، بۆیان نییە ناوی خۆیان بنووسنەوە.
- پێویستە پێشکەشکار لە رووی جەستەیی و دەروونییەوە توانای هەبێت و دواتر لەلایەن لیژنەی پزیشکییەوە وردبینی بۆ دەکرێت.



