رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق زیاتر لە 3 تریلیۆن دینار دەخاتە بازاڕەوە و بڕیاری دا 1 تریلیۆن دینار بۆ شایستەی دارایی جووتیاران و بەڵێندەران خەرج دەکات.
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی یەکشەممە 4ی تشرینی یەکەمی 2026، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بووژاندنەوەی ئابووریی وڵاتەکەی کرد و چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد.
کۆبوونەوەکە، بە بەشداریی وەزیری دارایی، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، سەرۆکی دەستەی راوێژکاران و ژمارەیەک لە راوێژکار و بەڕێوەبەری گشتیی بانکە حکومییەکان و نوێنەری بانکە ئەهلییەکان بەڕێوەچوو. تێیدا، گفتوگۆ لەبارەی چەند دەستپێشخەری و رێکارێک کرا کە ئامانج لێیان بووژاندنەوەی جووڵەی بازاڕ و هاندانی چالاکیی ئابوورییە.
لە کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی رێگاکانی هاندانی کەرتی ئابووری، بەتایبەتی پیشەسازی، کشتوکاڵ، نیشتەجێبوون، بیناسازی، گەشتوگوزار و خزمەتگوزارییەکان کرا. هەروەها، باس لە دابینکردنی پارەی پێویست بۆ پڕۆژەکان کرا، بەشێوەیەک کە ببێتە هۆی زیادبوونی چالاکیی ئابووری، پاڵپشتیی کەرتی تایبەت و رەخساندنی هەلی کار.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆبوونەوەکە، چەند بڕیار و رێکارێکی جێبەجێکاریی راستەوخۆی لێکەوتەوە، کە بریتین لە:
یەکەم: ئاراستەکردنی دەستپێشخەرییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق بەرەو کەرتی خانووبەرە و نیشتەجێبوون بە بڕی 1 تریلیۆن دینار، بۆ بووژاندنەوەی ئەو کەرتە و کەرتە ئابوورییەکانی دیکەی پەیوەندیدار.
دووەم: دابینکردنی پارەی کاشی زیاتر بۆ بانکی بازرگانیی عێراق و بانکی پیشەسازی بە بڕی لانیکەم 1 تریلیۆن دینار، بۆ خستنەگەڕی لە پڕۆژە پیشەسازییەکان و پاڵپشتیکردنی چالاکیی بەرهەمهێنان.
سێیەم: وەزارەتی دارایی، 500 ملیار دینار بۆ شایستە داراییەکانی بەڵێندەران خەرج دەکات، ئەمەش بۆ ئەوەی پاری کاشی پێویست بۆ کۆمپانیا و بەڵێندەران بگەڕێتەوە و بەردەوامی بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان بدرێت.
چوارەم: خەرجکردنی 500 ملیار دینار بۆ شایستە داراییەکانی جووتیاران، وەک پاڵپشتییەک بۆ کەرتی کشتوکاڵ و بەهێزکردنی چالاکیی ئابووری لەو کەرتەدا.
پێنجەم: زیادکردنی 500 ملیار دیناری دیکە بۆ سندووقی نەوەکان، کە لەگەڵ پارەی ئێستای سندووقەکە کە 1 تریلیۆن دینارە، کۆی گشتی دەبێتە 1.5 تریلیۆن دینار، ئەمەش توانای سندووقەکە بۆ پاڵپشتیی دەستپێشخەری و پڕۆژەکان زیاتر دەکات.


